ئومێد شامحەممەدی، مامۆستای قوتابخانە و خەڵکی دیواندەرە بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی دەستبەسەرکرا

ئومێد شامحەممەدی، ئەندامی لقی دیواندەرەی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان کە پێشتر لەلایەن دادگای شۆڕشی سنەوە سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو، بە

٢١ خاکەلێوە ٢٧٢٣، ٠٨:٥٤


هەنگاو؛ دووشەممە ٢١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣

ئومێد شامحەممەدی، ئەندامی لقی دیواندەرەی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان کە پێشتر لەلایەن دادگای شۆڕشی سنەوە سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی دەستبەسەرکرا و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی بیجاڕ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ (٨ی ئەپریلی ٢٠٢٣) ئومێد شامحەممەدی، مامۆستا و خەڵکی دیواندەرە، دوای بانگکرانی بۆ دادگای جێبەجێکردنی سزاکانی ئەم شارە بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای یەک ساڵ بەندکرانەکەی، دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی بیجاڕ گواستراوە.


ئومێد شامحەممەدی پێشتر لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی حوسێن سەعیدی بە تۆمەتی "هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی گشتی" لەڕێگەی ئەندامیەتی لە پارتی ژیانی ئازاد کوردستان (پژاک) سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا کە ئەم سزایە دواتر لە دادگای پێداچوونەوە بۆ یەک ساڵ بەندکران و ٤ ساڵ بەندکرانی هەڵسەپێندراو گۆڕدرا.


ئەم چالاکەی پیشەیەی مامۆستایان لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٢، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی دیواندەرەوە دەستبەسەرکرابوو.


ئومێد شامحەممەدی دوای ٧٦ ڕۆژ لە دەستبەسەرکران، ڕۆژی سێشەممە ٨ی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو بە دانانی بارمتەی یەک ملیار و نیوی، بە شێوەی کاتی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ئازادکرابوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە