پێنج مانگە شێرکۆ ڕەوشنی لە دەستبەسەرگە چارەنووسی ناڕوونە

شێرکۆ ڕەوشەنی، خەڵکی شاری مەریوان کە پێنج مانگە دەستبەسەر کراوە، چارەنووسی ناڕوونە و ناوبراو لە ماوەی ڕابردووشدا جارێکی دیکە لە بەندیخانەی حکوومەت لە

٣ بانەمەڕ ٢٧٢٣، ١٢:٤٥


هەنگاو: یەکشەممە، ٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٣


شێرکۆ ڕەوشەنی، خەڵکی شاری مەریوان کە پێنج مانگە دەستبەسەر کراوە، چارەنووسی ناڕوونە و ناوبراو لە ماوەی ڕابردووشدا جارێکی دیکە لە بەندیخانەی حکوومەت لە مەریوان بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی حکوومەت لەو شارە گواستراوەتەوە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ شێرکۆ ڕەوشەنی، هاووڵاتیی تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی شاری مەریوان، جارێکی دیکە لە بەندیخانەی مەریوانەوە بۆ دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعات لەو شارە گواستراوەتەوە.


گواستنەوەوەی ئەو هاووڵاتییە لە کاتێکدا بووە کە حەفتەی ڕابردوو لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی حکوومەت لە مەریوانەوە بۆ بەندیخانەی حکوومەت لەو شارە گواستراوەتەوە. ناوبراو ماوەیەک لە دەستبەسەربوونی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە تێپەڕ کردووە.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناوبراو لە کاتێکدا جارێکی دیکە گواستراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعات کە بڕیار بووە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد بکرێت.


هەروەها ئەوە سەرچاوەیە وتیشی؛ لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەکان لە شێرکۆ ڕەوشەنی لە وەزارەتی ئیتلاعات دوو جار کۆتایی پێ هاتووە، بەو حاڵەشەوە بەرپرسانی ئەو ناوەندە حکوومەتییە ڕێگەی ئازادیی کاتی بە ناوبراو نادەن و بڕیاری دەستبەسەربوونەکەی نوێ دەکەنەوە.


بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو؛ ئەو هاووڵاتییە لە هەموو ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە مافە سەرەتایییەکانی وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و مافەکانی دیکە بێبەری و بێبەش کراوە.


شێرکۆ ڕەوشەنی، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٢، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەت لە شاری مەریوان دەستەسەر کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە