ڕفاندنی سێ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە؛ ژمارەی ڕفێندراوان گەیشتە ١٠ کەس

ناسنامەی سێ کەسی دیکە لە ڕفێندراوانی خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە لەم حەوتوویەدا بۆ هەنگاو ئاشکرابوو، کە بریتین لە سیامەک ه

٣١ خاکەلێوە ٢٧٢٣، ٢٢:٥٧


هەنگاو: پێنجشەممە ٣١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٢

ناسنامەی سێ کەسی دیکە لە ڕفێندراوانی خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە لەم حەوتوویەدا بۆ هەنگاو ئاشکرابوو، کە بریتین لە سیامەک هەیاسی، ئالان داغدار و کاوە ساڵحی. بەم پێیەش ژمارەی ڕفێندراوانی ئەم شارە بۆ ١٠ کەس بەرزبووەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی چوارشەممە ٣٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ (١٩ی ئەپریلی ٢٠٢٣)، سیامەک هەیاسی، خەڵکی بۆکان لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە ڕفێندرا.

لەکاتی ڕفاندنی ئەم هاووڵاتییەدا، سەرەڕای پشکنینی ماڵەکەی، هێزەکانی حکوومەت دەستیان بەسەر کەلوپەلی تاکەکەسی ناوبراو، وەک لاپتۆپ، مۆبایل و کارتی میمۆرییەکانیدا گرتووە.


هەروەها، ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣، ئالان داغدار، خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە لە شوێنی کارەکەی ڕفێندرا.


لەلایەکی دیکەوە، کاوە ساڵحی، هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی بۆکان، لە ڕۆژی شەممە ٢٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە ڕفێندرا.


کاوە ساڵحی تەمەن٤٢ ساڵ و خێزاندار، لە کاتی گەڕانەوە لە ڕێگای هەشترود_ مەراغە لەلایەن هێزە مەدەنییەکان (لیباس شەخسی) لەپێش چاوی کچە نۆ ساڵانەکەی ڕفێندرابوو.


هەتاکاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری ڕفاندن و ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵ ئەم هاووڵاتییانە لەبەردەستدانییە.


لەماوەی ئەم حەوتوویەدا، حەوت هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی بۆکان بەناوەکانی ڕزگار بەیگزادە بابامیری، ئەبوبەکر مامزادە، ئەحمەد مامزادە، سۆران قاسمی، پژمان سوڵتانی، جەلیل مەولودی و کاوە ئازادی لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە ڕفێندراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە