ڕەفیق سەلیمی، چالاکی کرێکاریی دەستبەسەرکراو تۆمەتی "افساد فی‌الارض"ی بەسەردا سەپاوە

ڕەفیق سەلیمی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە پاش نزیکەی ۵ مانگ دستبەسەربوون، بانگی دادگا کراوە و تۆمەتی "افساد فی‌الارض"ی بەسەردا سەپاوە.

٢٧ خاکەلێوە ٢٧٢٣، ١٦:٠٢


هەنگاو: یەکشەممە، ٢٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣

ڕەفیق سەلیمی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە پاش نزیکەی ۵ مانگ دستبەسەربوون، بانگی دادگا کراوە و تۆمەتی "افساد فی‌الارض"ی بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی یەکشەممە، ٢٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ (١۶ی ئەپریل ٢٠٢٣)، دادگاییکردنی ڕەفیق سەلیمی، چالاکی کرێکاری بەڕێوە چوو و تۆمەتی "پێکهێنانی باند و گرووپگەلێکی ناسایی و هەوڵی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی وڵات" و هەروەها تۆمەتی "افساد فی‌الارض"ی بەسەردا سەپا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دانیشتنی ئەو دادگایە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "نەقیزادە" بەڕێوە چووە و ڕەفیق سەلیمی ئەو تۆمەتانەی لەسەر خۆی ڕەت کردووەتەوە.


ئەو چالاکە کرێکارییە، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی بەفرانباری ٢٧٢٢، لە دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەت - لقی سنە بۆ بەندیخانەی حکوومەت لەو شارە گواستراوەتەوە.


ڕەفیق سەلیمی ڕۆژی دووشەممە، ٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٢، هاوڕێ لەگەڵ کوڕەکەی بە ناوی فواد سەلیمی، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون. ناوبراو دواتر ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کاتی کۆتاییی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە