کۆڵبەرێک لە سنووری بانە بە ئۆتۆمبێلی هێزە چەکدارەکانی ئێران کرایە ژێرەوە و گیانی لەدەست دا

محەممەد لەتیف ئەحمەدپوور، کۆڵبەر و خەڵکی بانە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی سنووری هەنگەژاڵ بە ئۆتۆمبێل کرایە ژێرەوە و دوای چوار ڕۆژ مانە

٣ بانەمەڕ ٢٧٢٣، ١٥:٢١


هەنگاو؛ یەکشەممە ٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٣

محەممەد لەتیف ئەحمەدپوور، کۆڵبەر و خەڵکی بانە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی سنووری هەنگەژاڵ بە ئۆتۆمبێل کرایە ژێرەوە و دوای چوار ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانەیەکی سەقز بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ (٢٣ی ئەپریلی ٢٠٢٣) محەممەد لەتیف ئەحمەدپوور، کۆڵبەر و خەڵکی بانە، کە پێشتر لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە بە ئۆتۆمبێل کرابووە ژێرەوە، لە نەخۆشخانەی شیفای شاری سەقز بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.

هەنگاو زانیویەتی کە ئەم کۆڵبەرە ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی خاکەلێوە، دوای ڕێگریکردنی هێزە چەکدارەکانی سنووری هەنگەژاڵە لە کۆڵبەری، لەگەڵ چەند کۆڵبەرێکی دیکە لە کاتی گەڕانەوەی بۆ شارەکەیان لەلایەن ئەم هێزانەوە بە ئۆتۆمبێل کراون بە ژێرەوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە کاتێکدا ئۆتۆمبێلی ئەم هێزانە بەپاڵ گرووپێک کۆڵبەر کە بە پێ خەریکی ڕۆیشتن بوون تێپەڕیوە، سەربازێک لە ئۆتۆمبێلەکەوە بەدەست پشتە ملی محەممەد لەتیف ئەحمەدپووری گرتووە و و دوای چەند مەترێک ڕاکێشانی، ناوبراو هاوسەنگی خۆی لەدەستداوە و کەوتووەتە ژێر تایەکانی پشتەوەی ئەم ئۆتۆمبێلە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئەحمەدپوور لەم بارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند، کە لە ئاکامی ئەم کارە بەئەنقەستەی هێزە چەکدارەکانی حکوومەت، مل و شانی محەممەد لەتیف ئەحمەدپوور لە چەند شوێنێکەوە شکاوە، کە دوای گواسترانەوەی بۆ نەخۆشخانەی شیفا لە سەقز و مانەوەی چەند ڕۆژێک لەم نەخۆشخانەیەدا گیانی لەدەست دا.

ئەم سەرچاوە لە درێژەدا ڕایگەیاند، کە کەماڵ خدری، فەرمانداری بانە پەیوەندی بە بنەماڵەی ئەم کۆڵبەرەوە گرتووە و هەڕەشەی لێیان کردووە کە دەبێت تەرمی ناوبراو لە شەودا و بێ ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتی بەخاک بسپێرن.

هەنگاو زانیویەتی کە لە ئێستادا نەخۆشخانەی شیفا تەرمی ئەم کۆڵبەرە ڕادەستی بنەماڵەکەی ناکەنەوە و پێیان ڕاگەیاندوون کە هەتا شەو تەرمەکەی ڕادەست ناکەنەوە.

محەممەد لەتیف ئەحمەدپوور، تەمەن ٣٦ ساڵ خەڵکی بانە، خێزاندار و باوکی منداڵێک بووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە