گواستنەوەی سەکینە پەروانە بۆ بەندیخانەی مەشهەد

سەکینە پەروانە، بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد و خەڵکی قووچان سەر بە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی، کە لە ماوەی ڕابردوودا جارێکی دیکە دەستبەسەر کرا

٢٩ خاکەلێوە ٢٧٢٣، ١٠:١٤


هەنگاو: سێشەممە، ٢٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣

سەکینە پەروانە، بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد و خەڵکی قووچان سەر بە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی، کە لە ماوەی ڕابردوودا جارێکی دیکە دەستبەسەر کراوەتەوە، بۆ بەندیخانەی "وەکیڵ ئابادی" مەشهەد گواستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی سێشەممە، ١۵ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ (٤ی ئاپریلی ٢٠٢٣)، سەکینە پەروانە، بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد، پاش ئەوەی کە لەلایەن دادسەرای گشتی و شۆڕشی مەشهەد بانگ و دەستبەسەر کراوە، بۆ بەندی ۵ی بەندیخانەی مەشهەد گواستراوەتەوە و لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردووشدا بۆ یەکەم جار ڕێگەی پێ دراوە بە تەلەفۆن لەگەڵ بنەماڵەکەیدا قسە بکات.

سەکینە پەروانە، هەر لەو ڕۆژەدا بە هۆکارێک کە تاکوو ئێستاش ڕوون نەکراوەتەوە، لەلایەن دادسەرای گشتی و شۆڕشی مەشهەد بانگ کراوە و لەوێ دەستبەجێ دەستبەسەر کراوە.


ناوبراو ڕۆژی ١۶ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢، جارێکی دیکە لە شاری تاران و لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر و پاش چوار ڕۆژ ئازاد کراوە.


هەنگاو لە ڕاپۆرتی پێشووتریدا لەسەر سەکینە پەروانە ڕایگەیاند: سوپای پاسداران، نزیک بە چوار ساڵ پێش دەستی بەسەر هەموو ناسنامە و بەڵگەکانی کەسێتیی سەکینە پەروانەدا گرتبوو، دوای ئەوەی کە کەوتە بەر لێبوردنی گشتی و ئازاد کرا، هەتا ئێستاش بەڵگەنامەکانی پێ نەدراوەتەوە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە لە سەرەتاییترین و سەرەکیترین کارەکانی ڕۆژانەی ژیانی ناوبراودا وەک؛ بەکرێگرتنی ماڵ، کارکردن، کڕینی هێڵی تەلەفۆنی مۆبایل و... تووشی کێشەی جددی بووەتەوە.


ئەم بەندکراوە کوردە لە ١٨ی ڕێبەندانی ٢٧١٨ لەلایەن پۆلیسی تورکیەوە لە سنووری ماکۆ ڕادەستی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی کرا و دواتر ڕادەستی وەزارەتی ئیتلاعات کراوە و لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی ئێڤین لە تاران گواستراوە.


سەکینە پەروانە، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی بانەمەڕی ٢٧١٩، لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران، بەبێ هەبوونی لانی کەمی مافەکانی تۆمەتبارێک لە پێڕاگەیشتن بە دۆسیەی تاوانەکانی، سزای پێنج ساڵ بەندکران و بێبەریبوون لە ئەندامبوون لە گرووپ و دەستە سیاسییەکان بۆ ماوەی دوو ساڵی بەسەردا سەپێندرا.


لە ماوەی بەندکرانیدا ناوبرا بۆ دەستبەسەرگەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات لە ماکۆ، تاران، بەندیخانەی ئێڤین، بەندیخانەی قەرچەک وەرامین و قووچان گواستراوەتەوە. بەهۆی دۆخی دژواری ئەم بەندکراوە سیاسییە لە بەندیخانەدا، چەندین جاری درێژماوە مانی لە خواردن گرتبوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە