گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان لەسەر ژینا مودەڕیس گورجی و فەریبا زەندکەریمی؛ ڕاگیرانیان لەبەندی تاکەکەسی دەستبەسەرگەی ئیتلاعات

ڕۆژنامەنووس ژینا مودەڕیس گورجی و مامۆستا فەریبا زەند کەریمی، کە هەردووکیان لە چالاکانی ناسراوی بواری مافەکانی ژنان لە شاری سنەن، لە بەندی تاکەکەسی ئ

٢ بانەمەڕ ٢٧٢٣، ٢١:٠٧


هەنگاو: شەممە ٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٣

ڕۆژنامەنووس ژینا مودەڕیس گورجی و مامۆستا فەریبا زەند کەریمی، کە هەردووکیان لە چالاکانی ناسراوی بواری مافەکانی ژنان لە شاری سنەن، لە بەندی تاکەکەسی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا ڕاگیراون و بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر گوشاردان.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ژینا مودەڕیس گورجی، ڕۆژنامەنووس و چالاکی بواری مافی ژنان و هەروەها مامۆستا فەریبا زەندکەریمی، کە لە چالاکی بواری مافەکانی ژنانە، دوای دەستبەسەر و ڕفاندنیان لە شاری سنە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئەم شارە گواستراونەتەوە و لە بەندی تاکاکەسی ئەم ناوەندە حکوومییە بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرە ملێ لە ژێر گوشارێکی لە ڕادەبەدەردان.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو چالاکەی خەڵکی سنە، لە دوای ڕفاندن و دەستبەسەرکرانیان لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە هیچ چەشنە پەیوەندی و چاوپێکەوتنێکیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان نەبووە.
ژینا مودەڕیس گورجی، ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە ڕێگای کتێبفرۆشییەکەی بۆ ماڵەوە ڕفێندرا.


ئەم ڕۆژنامەنووسە، لە ڕەشەممەی ٢٧٢٢، لەلایەن دادگای شۆڕشی سنەوە تۆمەتی "هەوڵدان لە دژی ئاسایشی گشتی لەڕێگەی پێکهێنانی گرووپی نایاسایی و ئەندامییەتی تێدا" بەسەردا سەپێندرا.


ناوبراو، پێنجشەممە ٣٠ی خەرمانانی ٢٧٢٢، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە دەستبەسەرکرا و دوای ٤٠ ڕۆژ دەستبەسەرکران لە بەندی ژنانی بەندیخانەی سنە، لە ٨ی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو بەدانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەیەکی کاتی و هەتا تەواوبوونی قۆناغەکانی دادگاییکردنی ئازادکرا.


هەروەها، فەریبا زەندکەریمی، تەمەن ٣٥ ساڵ مامۆستای وانەبێژی فەرمانگەی پەروەردە و بارهێنان و چالاکی مافەکانی ژنان لە شاری سنە، کاتژمێر ٨ی شەوی چوارشەممە ١٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣، دوای بانگکرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەستبەسەرکرا.


هەنگاو پێشتر لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردبووەوە؛ هێزەکانە ئیدارەی ئیتلاعات دوای دەستبەسەرکرانی فەریبا زەندکەریمی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ناوبراو و ماڵەکەیان پشکنیوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە