یاریزانێکی تۆپی پێی خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە ڕفێندرا

یاریزانێکی تۆپی پێی خەڵکی بۆکان بە ناوی ئیسماعیل عەلی پەروەری، لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە ڕفێندراوە.

١٢ خاکەلێوە ٢٧٢٣، ١٩:٤١


هەنگاو: شەممە ١٢ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣

یاریزانێکی تۆپی پێی خەڵکی بۆکان بە ناوی ئیسماعیل عەلی پەروەری، لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە ڕفێندراوە.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ (٣٠ی مارسی ٢٠٢٣) ئیسماعیل عەلی پەروەری، یاریزانی تۆپی پێ و ڕاهێنەری تۆپی پێی مێرمنداڵان لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعات لە شاری بۆکان دەستبەسەر کراوە.

ئیسماعیل عەلی پەروەری تەمەن ٣٣ ساڵ، خێزاندار و باوکی منداڵێک و دانیشتووی گەرەکی تەپەی ئاوای شاری بۆکانە. ناوبراو یاریزانی پێشووی یانەی سەرداری بۆکان بووە.

هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵ ئەم هاووڵاتییە و هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی دوای ڕفاندنی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی بۆکانەوە لەبەردەست دا نییە.

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی مارسی ٢٠٢٣، لانی کەم ٣٦ هاووڵاتی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنیەکانەوە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، مەدەنی و پیشەیی ڕفێندراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە