ئاروین نیکپەی بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرا

ئاروین نیکپەی بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرا

17:05 - 25 May 2023


هەنگاو: پێنجشەممە، ٤ی جۆزەردانی ٢٧٢٣

ئاروین نیکپەی، لاوێکی خەڵکی شاری مەریوان کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەر کرا و لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە هەوڵی خۆکوشتنی دابوو، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی پێنجشەممە، ٤ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (٢٥ی مەیی ٢٠٢٣)، ئاروین نیکپەی، تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی گوندی "نێ"ی سەر بە شاری مەریوان، چوار مانگ پاش دەستبەسەربوونی، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان ئازاد کرا.

ناوبراو ڕۆژی شەممە، ١٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٣، لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات هەوڵی خۆکوشتنی دا و بە ئامبوڵانس گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی فەجر لە شاری مەریوان و بێ ئەوەی ماوەی تیمارکردنەکەی تەواو بێت بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعات گواسترایەوە.

شایانی باسە کە ئەو لاوە کوردە لە ماوەی دەستبەسەرکردنیدا سەرەڕای ئەوەی کە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە هەڕەشەی لێ کراوە، ئەشکەنجە دراوە و لە مافە سەرەتاییەکانی وەک دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاریشی بێبەری و بێبەش کراوە.

ئاروین نیکپەی، تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی گوندی نێی سەر بە شاری مەریوانە و ڕۆژی سێشەممە، ١١ ڕێبەندانی ٢٧٢٢، لەو شارە و لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە.