دەستبەسەرکراوانی شاری سنە بوون بە سێ کەس

بە دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی شاری سنە بە ناوی شۆڕش محەممەدپوور، لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەی دەستبەسەرکراوانی ئەم شارە بوون بە سێ کەس.

١٠ جۆزەردان ٢٧٢٣، ١٣:٥٤


هەنگاو: چوارشەممە، ١٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٣

بە دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی شاری سنە بە ناوی شۆڕش محەممەدپوور، لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەی دەستبەسەرکراوانی ئەم شارە بوون بە سێ کەس.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی یەکشەممە، ٧ی جۆزەردانی ٢٧٢ (٢٨ی مەیی ٢٠٢٣)، هاووڵاتییەک بە ناوی شۆڕش محەممەدپوور، تەمەن ٣٦ ساڵ و خەڵکی گوندی تەنگیسەری سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە و دانیشتووی خودی شاری سنە، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکانی هەنگاو، ئەم هاووڵاتییە لە کاتی چوون بۆ شوێنی کارەکەی کە دەکەوێتە شارۆچکەی پیشەسازیی شاری سنە، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

هاوکات ڕۆژی چوارشەممە، ١٠ی جۆزەردان، میلاد نەسری، تەمەن ٢٧ ساڵ، خەڵکی گوندی تەنگیسەر و دانیشتووی شاری سنە، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کراوە.

هەروەها ڕۆژی دووشەممە، ٨ی جۆزەدان، موختار مینبەری، تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی گوندی "نییەر"ی سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی شاری سنە، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە لە بازگەی پشکنینی دەروازەی شاری سنە دەستبەسەر کراوە.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر تۆمەتی ئەو سێ هاووڵاتییە و شوێنی ڕاگیران و بارودۆخیان لە بەردەستدا نییە.

هەنگاو خەریکی بەدواداچوون بۆ بارودۆخی ئەو هاووڵاتییانەیە و لە ئەگەری بەدەستهێنانی هەر زانیارییەکی نوێ، ڕای گشتیی لێ ئاگادار ئەکاتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە