دەستبەسەرکردنی ئەمین حەیدەری، هاووڵاتیی ئێرانی - فەرەنسایی و ناڕوونیی باری یاساییی ناوبراو

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری ڕوانسەر بە ناوی ئەمین حەیدەری کە خاوەن ناسنامەی وڵاتی فەرەنسایە و دانیشتووی شار

٨ جۆزەردان ٢٧٢٣، ١٥:٥٢


هەنگاو: دووشەممە، ٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٣

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری ڕوانسەر بە ناوی ئەمین حەیدەری کە خاوەن ناسنامەی وڵاتی فەرەنسایە و دانیشتووی شاری بەندەرعەباسە، لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و دوای ٦ مانگ لە دەستبەسەربوونی، هێشتا باری یاساییی ناوبراو ناڕوونە.

ئەمین حەیدەری، هاووڵاتییی ئێرانی - فەرەنسایی، ٦ مانگ لەمەوبەر کاتێک لە گەشتێکی دەرەوەی ئێراندا گەڕایەوە بۆ ئەو وڵاتە، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەندەرعەباس لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و تاکوو ئێستاش لە دەستبەسەرگەی هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیدایە. بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەردەستدان، ناوبراو بازرگانێکی نێودەوڵەتییە و گەشتی زۆری بۆ وڵاتە جیاوازەکانی جیهان کردووە کە ئێرانیش یەکێک لەو وڵاتانەیە.

سەرچاوە ئاگادارەکانی هەنگاو لەم پەیوندییەدا ڕایانگەیاندووە؛ هێزە حکوومەتییەکان لە فڕۆکەخانەدا دەستیان بەسەر کەلوپەلە تاکەکەسییەکانی ئەو هاووڵاتییە وەک مۆبایلەکەیدا گرتووە و هەروەها هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی تایبەتی ئەم هاووڵاتییە و ناوماڵ و سەرجەم کەرەستەکانی ناوبراویان پشکنیوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دوای لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە سەرەتاییەکان، لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە تۆمەتی "بەشداریکردن لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی نەیاران و دژبەرانی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات"، "پاڵپشتیی دارایی لە ئۆپۆزیسیۆن لە دەرەوەی ئێران" و هەروەها "هەوڵی تێکدانی ئارامی و ئاسایشی نیشتمانی" دراوەتە پاڵی ئەو بازرگانە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە