ڕفاندنی هەشت چالاکی مەدەنی و کرێکاریی خەڵکی شاری سنە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە
هەشت چالاکی مەدەنی و کرێکاریی خەڵکی شاری سنە بە ناوەکانی شادمان عەبدی، عەبدوڵڵا خێرابادی، سیروان مەحموودی، ئیقباڵ پیشکاری، ها
هەنگاو؛ پێنجشەممە، ۲۸ی بانەمەڕی ٢٧٢٣
هەشت چالاکی مەدەنی و کرێکاریی خەڵکی شاری سنە بە ناوەکانی شادمان عەبدی، عەبدوڵڵا خێرابادی، سیروان مەحموودی، ئیقباڵ پیشکاری، هاجەر سەعیدی، خەبات مەحموودی و حەبیبوڵڵا کەریمی، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە شاری سنە ڕفێندراون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ شەوی چوارشەممە، ٢٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ (١٧ی مەیی ٢٠٢٣)، هەشت چالاکی مەدەنی و کرێکاریی خەڵکی شاری سنە بە ناوەکانی شادمان عەبدی، عەبدوڵڵا خێرابادی، سیروان مەحموودی، ئیقباڵ پیشکاری، هاجەر سەعیدی، خەبات مەحموودی و حەبیبوڵڵا کەریمی، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە شاری سنە بە شێوەیەکی دڕندانە و بەکارهێنانی توندوتیژی ڕفێندراون.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هەشت هاووڵاتییە لە ماڵی فەرشید عەبدوڵڵاهی، باوکی هوومەن عەبدوڵڵاهی، گیانبەختکردوویەکی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە شاری سنە، بە لێدان و بێڕێزی و بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لەو شارە ڕفێندراون.
هەروەها ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاند؛ هێزەکانی ئیتلاعات لە کاتی هێرش بۆ سەر ماڵی بنەماڵەی هوومەن عەبدوڵڵاهی بە مەبەستی ڕفاندنی ئەو هاووڵاتییانە، بێڕێزییان بە فەرشید عەبدوڵڵاهی، باوکی گیانبەختکردوو هوومەن عبدوڵڵاهی کردووە و بە شێوەیەکی دڕندانە لێیان داوە.
تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر هۆکاری ڕفاندنی ئەو هەشت چالاکە مەدەنی و کرێکارییە و هەروەها شوێنی ڕاگیرانیان لە بەردەستدا نییە.