ئازادیی کاتیی کەیوان زەندکەریمی بە دانانی بارمتەی قورس لە بەندیخانەی سنە

کەیوان زەندکەریمی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سنە کە لە ڕەوتی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەر کراوە؛ پاش ١٢٥ ڕۆژ دەستبەسەربوون، بە دانانی بارمتەی

١٣ بانەمەڕ ٢٧٢٣، ١١:١٢


هەنگاو: چوارشەممە، ١٣ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣

کەیوان زەندکەریمی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سنە کە لە ڕەوتی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەر کراوە؛ پاش ١٢٥ ڕۆژ دەستبەسەربوون، بە دانانی بارمتەی ٣ ملیار تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ١٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ (٢ی مەیی ٢٠٢٣)، کەیوان زەندکەریمی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سنە، پاش چوار مانگ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی ٣ ملیار تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتایی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی حکوومەت لە سنە ئازاد کراوە.

ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە، ٧ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (٢٨ی دیسەمبەری ٢٠٢٢) لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە شوێنی کارەکەی لە شاری سنە دەستبەسەر کراوە، دوو مانگ لە دەستبەسەرگەی ناوەندە حکوومەتییەکاندا بووە و دوو مانگی دیکەش لە بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە سنە بووە.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ڕوون و دروست لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی کەیوان زەندکەریمی لە بەردەستدا نییە و بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، ناوبراو لە ماوەی ئەو چوار مانگەدا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری و بێبەش کراوە.

شایانی باسە کە ئەو هاووڵاتییە پێشتریش، واتە ڕۆژی دووشەممە، ١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٢، لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ساڵی نوێی کوردی لە پارکێکی شاری سنە و لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە