برینداربوونی لانی کەم ٣ کۆڵبەر لە سنوورەکانی نەوسوود و بانە

کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان بەسەختی بریندار بووە و باری تەندروستیی ناوبراو ناجێگیرە و هەروەها چەند ڕۆژی ڕابردوو

٤ جۆزەردان ٢٧٢٣، ١٠:٠٤


هەنگاو: پێنجشەممە، ٤ی جۆزەردانی ٢٧٢٣

کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان بەسەختی بریندار بووە و باری تەندروستیی ناوبراو ناجێگیرە و هەروەها چەند ڕۆژی ڕابردووش دوو کۆڵبەری دیکە لە سنووری نەوسوود بە تەقەی هێزە حکوومەتییەکان بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ کاتژمێر ٢٢: ٣٠ خولەکی شەوی چوارشەممە، ٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (٢٤ی مەیی ٢٠٢٣)، هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنووری هەنگەژاڵی بانە دەستڕێژییان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کردووە و یەکێک لەو کۆڵبەرانە بە ناوی سۆران (ناوبانگی هێشتا بۆ هەنگاو ڕوون نییە)، کوڕی کەریم و خەڵکی گوندی "خۆریاوا"ی سەر بە شاری بانە بریندار بووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، برینی ئەو کۆڵبەرە قووڵە و هەنووکەش لە نەخۆشخانەی "سەلاحەدین ئەیوبی"ی شاری بانە لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە.


هەر لەم پەیوەندییەدا ڕۆژی سێشەممەی حەفتەی ڕابردوو، ٢٦ی بانەمەڕ (١٦ی مەی)، هێزە حکوومەتییەکان لە سنووری شاری نەوسوود تەقەیان لە دوو کۆڵبەرێکی دیکە کردووە و بەسەختی بریندار بوون.


ناسنامەی یەکێک لەو کۆڵبەرانە بە ناوی ئەمیر (ناوبانگی هێشتا بۆ هەنگاو ڕوون نییە) و خەڵکی گوندی "دەمیۆ"ی سەر بە شاری سەوڵاوا، بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە و ناسنامەی ئەوی دیکەیان تاکوو ئێستا ئاشکرا نەبووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە