بەرخۆدانی جەماوەریی مەهاباد؛ سزای ٣ ساڵ بەندکران بەسەر سوهراب ئاویزکەن دا سەپێندرا

لاوێکی خەڵکی مەهاباد بەناوی سوهراب ئاویزکەن کە لە ڕەوتی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەرکرابوو، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەم شارەوە سزای ٣ ساڵ بەندکران

٢٦ بانەمەڕ ٢٧٢٣، ٠٠:٠٠


هەنگاو: دووشەممە ١٥ی بانەمەڕی ٢٧٢٣

لاوێکی خەڵکی مەهاباد بەناوی سوهراب ئاویزکەن کە لە ڕەوتی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەرکرابوو، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەم شارەوە سزای ٣ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوەی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، سوهراب ئاویزکەن، خێزاندار و باوکی منداڵێک لەلایەن دادگای شۆڕشی مەهابادەوە بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و ئاژاوەگێڕی بۆ تێکدانی نەزمی گشتی" و "بەشداری لە خۆپیشاندان" سزای سێ ساڵ بەندکران و نیشتەجێبوونی زۆرەملێی لە شاری زەنجان بەسەردا سەپێندراوە.

سوهراب ئاویزکەن، دوای دەستبەسەرکرانی لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە بۆ ماوەی چەند مانگێک بێسەروشوێن بووە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەم بەندکراوە سیاسییە بێ ئاکام مابووەوە.


هەنگاو پێشتر لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاندبوو: سوهراب ئاویزکەن لەژێر ئازار و ئەشکەنجەی زۆری هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداراندا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ لە دژی خۆی کراوە.


شیاوی ئاماژەپێدانە کە ئەم هاووڵاتییە لە هەموو ماوەی دەستبەسەرکران و لێپرسینەوەیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و مافە سەرەتاییەکانی دیکەی هەر بەندکراوێک بێبەشبووە.


سوهراب ئاویزکەن ڕۆژی شەممە ٢٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١٩ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)، لەلایەن هێزەکانی سازمانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەرکرابوو و دوای لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی مەهاباد کرابوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە