بەردەوامیی هێرشە کیمیایییە بەرنامەداڕێژراواکان بۆ سەر قوتابییان؛ ٧ قوتابخانەی دیکە کرانە ئامانج

لە نوێترین حاڵەتەکانی هێرشە کیمیایییە بەرنامەداڕێژراوەکان بۆ سەر قوتابخانە و قوتابییان لە کوردستان و ئێراندا، ئەمڕۆ لانی کەم ٧ قوتابخانە لە شارەکانی سەقز، هەرس

١١ بانەمەڕ ٢٧٢٣، ٢٠:٣١


هەنگاو: دووشەممە، ١١ی بانەمەڕی ٢٧٢٣

لە نوێترین حاڵەتەکانی هێرشە کیمیایییە بەرنامەداڕێژراوەکان بۆ سەر قوتابخانە و قوتابییان لە کوردستان و ئێراندا، ئەمڕۆ لانی کەم ٧ قوتابخانە لە شارەکانی سەقز، هەرسین، کرماشان، تاران و کەرەج کراونەتە ئامانج و ژمارەیەکی زۆر قوتابی ژاراوی بوون کە دۆخی تەندروستیی کۆمەڵێکیان ناجێگیر بووە و بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی دووشەممە، ١١ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ (١ی مەی ٢٧٢٣) هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر قوتابخانەی کچانەی "مێعراج" و "بێنتەلهودا" لە شاری سەقز و کۆمەڵێک قوتابی ژاراوی بوون.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندووە کە هاوکات لەگەڵ ئەو هێرشە کیمیاییەدا هێزەکانی یەکەی تایبەتی حکوومەت هێرشیان کردووەتە سەر قوتابخانەی دواناوەندیی "مێعراج" و قوتابییەکی ئەو قوتابخانەیە بەهۆی لێدانی باتۆمی ئەو هێزانە سەری شکاوە و بەسەختی بریندار بووە و بۆ نەخۆشخاجەی خومەینی لەو شارە گواستراوەتەوە.

هەر ئەمڕۆ هێرش کراوەتە سەر قوتابخانەی کچانەی "عەفاف" و "سەجاد" لە شاری تاران و کۆمەڵێک قوتابیی ئەو قوتابخانەیەش ژاراوی بوون و بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراونەتەوە.

لە ڕەوتی ئەو هێرشانەدا، قوتابخانەی "فاتمە"ی شاری هەرسین لە پارێزگای کرماشان کراوەتە ئامانج و بەهۆی نەبوونی پێداویستیی دەرمانیی پێویست لەو شارە، لە شاری بیستوون ئەمبوڵانس و پێداویستیی دەرمانی بۆ هەرسین نێردراوە. لە کاتی ئەو هێرشەدا بەرپرسانی ئەو قوتابخانەیە دەرگای سەرەکی و هاتنە ژوورەوەی قوتابخانەکەیان بە ڕووی دایک و باوکی قوتابییان داخستووە و نەیانهێشتووە بچنە ژوورەوە.

هاوکات هێرشی کیمیایی کراوەتە سەر قوتابخانەی کچانەی "سارەڵڵا" لە گەڕەکی فەردیسی کەرەج و لە ئاکامی ئەو هێرشەشدا کۆمەڵێک قوتابی ژاراوی بوون.

هەروەها قوتابخانەی دواناوەندیی کچانەی "جەعفەری" لە شاری کرماشان و لانی کەم ٤٠ قوتابیی ئەو قوتابخانەیە ژاراوی بوون و بۆ نەخۆشخانەی محەممەدی کرماشانی لەو شارە گواستراونەتەوە کە دۆخی تەندروستیی چەند کەسێکیان ناجێگیرە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە