دەستبەسەرکرانی دایە فاتمە مەقسوودی لەلایەن هێزە سەرکوتکارەکانی حکوومەت لە ئورمیە

فاتمە مەقسوودی، تەمەن ٦٧ ساڵ و خەڵکی سنە لە کاتێکدا بۆ وەرگرتنی زانیاری و سۆراخی کوڕەکەی لەپێش بینای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە ئورمیە مانی گرتبوو،

٢٠ بانەمەڕ ٢٧٢٣، ١٣:٤٠


هەنگاو: چوارشەممە ٢٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٣

فاتمە مەقسوودی، تەمەن ٦٧ ساڵ و خەڵکی سنە لە کاتێکدا بۆ وەرگرتنی زانیاری و سۆراخی کوڕەکەی لەپێش بینای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە ئورمیە مانی گرتبوو، دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ (٩ی مەیی ٢٠٢٣) دایە فاتمە مەقسوودی، دایکی ئیدریس فەقیهی، دوای سێ ڕۆژ مانگرتن لەبەر دەرگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، لەلایەن هێزەکانی ئەم سازمانەوە دەستبەسەرکرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی مەقسودی، فاتمە مەقسوودی بە فەرمانی داواکاری گشتیی ئورمیە و دوای تۆمارکرانی سکاڵا لە دژی ناوبراو لەلایەن دەزگای ئیتلاعاتی ئورمیەوە دەستبەسەرکراوە.


ناوبراو چوار ڕۆژ پێش دەستپێکردنی مانگرتنەکەی بەمەبەستی بەدواداچوون و وەرگرتنی زانیاریی لەسەر چارەنووسی کوڕەکەی سەردانی دادگای شۆڕش، ستادی هەواڵگری ئیتلاعات و سازمانی ئیتلاعاتی ئورمیەی کردبوو.


ئیدریس فەقیهی تەمەن ٣٦ ساڵ و ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، لە پووشپەڕی ٢٧٢١ دوای تێکهەڵچوونی نێوان گرووپێکی ئەم حیزبە لەگەڵ هێزەکانی سوپای پاسداران لە گوندی عیلم ئاوای بۆکان بێسەروشوێن بوو.


دوای ماوەیەک لەم تێکهەڵچوونە پژاک لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ناوبراو لەگەڵ ئەندامێکی دیکەی ئەم حیزبە لەو شەڕەدا کوژراون، بەڵام دوای چەند مانگ ڕاگەیێندرا کە ئیدریس فەقیهی لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکراوە.


سەرەڕای بەدوداچوون و لێکۆڵینەوەی زۆر لەبارەی بێسەروشوێنکرانی ئیدریس فەقیهی، هەنگاو هەتا ئێستا نەیتوانیوە لەمبارەوە زانیارییەکی وردی دەست بکەوێت و زیندووبوونی ئیدریس فقیهی پشتڕاست بکاتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە