دەستبەسەرکردنی فەرهاد شێخی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو لە شاری کەرەج

فەرهاد شێخی، چالاکی کرێکاری و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی شاری سەقز، جارێکی دیکە لە شاری کەرەج و لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە

٧ جۆزەردان ٢٧٢٣، ٢٠:٢٧


هەنگاو: یەکشەممە، ٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٣

فەرهاد شێخی، چالاکی کرێکاری و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی شاری سەقز، جارێکی دیکە لە شاری کەرەج و لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی یەکشەممە، ٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (٢٨ی مەیی ٢٠٢٣)، بەندکراوێکی سیاسیی پێشووی خەڵکی شاری سەقز بە ناوی فەرهاد شێخی، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە ماڵەکەی خۆی لە هەشتگردی شاری کەرەج هێرش کراوەتە سەری و دەستبەسەر کراوە، هەروەها ئەو هێزانە دەستیان بەسەر کەلوپەلی تاکەکەسییەکانی ناوبراو وەک مۆبایلەکەی گرتووە.

ئەم چالاکە کرێکارییە لە سەرەتاکانی مانگی بەفرانباری ٢٧٢٢دا لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەسبتەسەر کراوە و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج گواستراوەتەوە. دواتر لە ١٨ی هەمان مانگدا کەوتووەتە بەر لێبوردن و ئازاد کراوە.

فەرهاد شێخی پێشتریش، واتە لە ١١ی بانەمەڕی ٢٧١٨ و هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی کرێکار دەستبەسەر کرا و دواتر بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کراوە.

دوا جار ئەم بەندکراوە سیاسییەی پێشوو لەلایەن لقی ١٠٥٨ی دادگای تاوانەکانی ٢ی پارێزگای تاران بە تۆمەتی "هەوڵی تێکدانی ئارامی و ئاسایشی گشتی"، سزای چوار مانگ بەندکردن و لێدانی پێنج قامچیی بەسەردا سەپێندراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە