دەستبەسەرکردنی ئەحمەدڕەزا حائێری بۆ تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی

ئەحمەدڕەزا حائێری، خەڵکی شاری ئیلام و بەندکراوی سیاسیی پێشوو، بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی، دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کرا.

٢٢ بانەمەڕ ٢٧٢٣، ٢٢:٠٩


هەنگاو؛ هەینی ٢٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٣

ئەحمەدڕەزا حائێری، خەڵکی شاری ئیلام و بەندکراوی سیاسیی پێشوو، بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی، دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی چوارشەممە، ٢٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ (١٠ی مەیی ٢٠٢٣)، ئەحمەدڕەزا حائێری، چالاکی سیاسیی خەڵکی شاری ئیلام کە هەنووکە دانیشتووی تارانە، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی ٣ ساڵ و ٨ مانگ سزای بەندکردن، دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ئێڤین کرا.

شایانی باسە کە لە ماوەی چەند حەفتەی ڕابردوودا، ناوەندە حکوومەتییەکان گوشاریان خستووەتە سەر ئەو کەسەی کە بارمتەی بۆ ئازادی کاتیی ئەو چالاکە سیاسییە داناوە.

ئەحمەدڕەزا حائێری، مانگی خەرمانانی ٢٧٢٢، لەلایەن لقی ٢۶ی دادگای شۆڕشی تاران بە تۆمەتی "پێکهێنانی باند و گرووپ بە مەبەستی هەوڵدان بۆ تێکدانی ئارامی و ئاسایشی نیشتمانی" سزای ٣ ساڵ و ٨ مانگ بەندکردن و هەروەها بە تۆمەتی "چالاکیی پڕوپاگەندە بە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی" سزای ٨ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە کە بەپێی مادەی ١٣٤ یاسای سزادانی ئیسلامی، زیاترین سزای سەپێندراو جێبەجێ دەکرێت.

ئەو چالاکە سیاسییە ڕۆژی دووشەممە، ۶ی پووشپەڕی ٢٧٢٢، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر کراوە و مانگی گەلاوێژی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی ١ ملیار تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.

ناوبراو پێشتری لە ساڵی ٢٧١٣ جارێکی دیکە دەستبەسەر کراوە و سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە