سوهەیلا حیجاب، بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانە ئازاد کرا

سوهەیلا حیجاب، پارێزەر و چالاکی مەدەنی، لە کاتێکدا دوایین ڕۆژەکانی سێهەمین ساڵی ماوەی بەندکرانی تێدەپەڕاند، لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان ئازادکرا.

١٢ بانەمەڕ ٢٧٢٣، ١٤:٤٦


هەنگاو: سێشەممە ١٢ی بانەمەڕی ٢٠٢٣
سوهەیلا حیجاب، پارێزەر و چالاکی مەدەنی، لە کاتێکدا دوایین ڕۆژەکانی سێهەمین ساڵی ماوەی بەندکرانی تێدەپەڕاند، لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان ئازادکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ (٢ی مەیی ٢٠٢٣) سوهەیلا حیجاب، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی کرماشان لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە کە ناسراوە بە دیزڵ ئاوا ئازاد کرا.

بەوتەی مەجید حیجاب، برای سوهەیلا حیجاب، ئەم بەندکراوە دوای بانگکرانی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان بڕیاری ئازادییەکەی پێدراوە.

ڕۆژی هەینی ١٧ی بەفرانباری ٢٧٢١ (٧ی ژانویەی ٢٠٢٢)، سوهەیلا حیجاب لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی سنەوە بۆ کرماشان گوازراوەتەوە و پاش یەک حەوتوو ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسی برایە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی کرماشان.

ئەم بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی خەزەڵوەر (١٦ی نۆڤەمبری ٢٠٢١) لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامینەوە بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی شاری سنە گوازرابوویەوە. هێزە ئەمنییەکانی بەندیخانەی قەرچەک ئەو کات ناوبراویان دابووە بەر لێدان و کوتان و بە زۆر گواستبوویانەوە.

سوهەیلا حیجاب، پارێزەر و چالاکی مەدەنی خەڵکی کرماشان ڕۆژی شەممە ٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٠ (٢٣ی مەی ٢٠٢٠)، دوای ئەوەی بانگ کرا بۆ لقی ٣ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای تاران و دوابەدوای دانیشتنی دادگا کە پشتڕاست کردنەوەی حوکمی ١٨ ساڵ بەندکرانی دادگای بەرایی لێکەوتەوە، لە کاتی بەجێ هێشتنی بینای دادگا لەلایەن هێزەکانی بنکەی ساروڵڵای سوپای پاسداران دەستبەسەر و بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین گوازرایەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی ڕەشەممەی ٢٧١٩ (١٨ی مارسی ٢٠٢٠)، سوهەیلا حیجاب، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر مەقیسە بە چەندین تۆمەت وەکوو پڕوپاگەندە دژی نیزام، گردبوونەوەی نایاسایی تێکدانی بیروڕای گشتی بە مەبەستی ئاژاوە نانەوە دروستکردنی گرووپ بۆ داکۆکی لە مافی ژنان «و» داوای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم و گۆڕینی یاسای بنەڕەتیی ئێران «سەرجەم سزای ١٨ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپێندراوە.

بە پێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، زیاترین حوکمی سوهەیلا حیجاب کە پێنج ساڵ بەندکرانە و ئەو حوکمە جێبەجێ دەکرێت کە بە تۆمەتی گردبوونەوەی نایاسایی بە سەر ناوبراودا سەپێندراوە و دەبێت ئەو پێنج ساڵە لە بەندیخانە بێت.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە