سێ هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار سەرجەم سزای ١١ ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپاوە

سێ هاووڵاتیی خەڵکی شاری پیرانشار بە ناوەکانی جەماڵ عەلیزادە، عەبدولڕەحمان محەممەدی ئەرشەد و حاسڵ قەدۆ کە لە ڕەوتی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەر ک

١٢ بانەمەڕ ٢٧٢٣، ٢١:١٤


هەنگاو: سێشەممە، ١٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٣

سێ هاووڵاتیی خەڵکی شاری پیرانشار بە ناوەکانی جەماڵ عەلیزادە، عەبدولڕەحمان محەممەدی ئەرشەد و حاسڵ قەدۆ کە لە ڕەوتی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەر کراون، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سەرجەم سزای ١١ ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی ڕابردوودا لقی ٢ی دادگای شۆڕشی حکوومەت لە شاری مەهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئوجاقلوو"، سەرجەم سزای ١١ ساڵ بەندکردنی بەسەر سێ هاووڵاتیی خەڵکی شاری پیرانشار بە ناوەکانی جەماڵ عەلیزادە، عەبدولڕەحمان محەممەدی ئەرشەد و حاسڵ قەدۆ سەپاندووە.


دادگاییکردنی عەبدولڕەحمان محەممەدی ئەرشەد ناسراو بە دکتۆر و حاسڵ قەدۆ لە ڕۆژی ٢٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣، لە دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لە شاری مەهاباد بەڕێوە چووە کە لەو دادگاییکردنەدا ئەو دوو هاووڵاتییە هەر کامەیان بە تۆمەتی "پێکهێنانی باند و گرووپ بە دژی ئاسایشی کۆماری ئیسلامی"، سزای سێ ساڵ و حەوت مانگ بەندکردن و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندا دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی" سزای هەشت مانگ بەندکردنیان بەسەردا سەپاوە.


هەروەها لە ٢٩ی خاکەلێوەی ئەمساڵدا دادگاییکردنی جەماڵ عەلیزادە بەڕێوە چووە کە لەو دادگاییکردنەدا ئەو هاووڵاتییە بە تۆمەتی "هاوکاریی ڕاگەیاندنەکانی ڕۆژئاوا (ڕۆژئاوای جیهان) " دوو ساڵ و شەش مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.


جەماڵ عەلیزادە ڕۆژی سێشەممە، ٢۶ی ڕەزبەری ٢٧٢٢، لە ماڵی خۆی و لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە. ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە، ٢٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢، پاش چوار مانگ دەستبەسەربوون، بە دانانی بارمتە ٣ ملیار تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە نەغەدە ئازاد کراوە.


حاسڵ قەدۆ و عەبدولڕەحمان محەممەدی ئەرشەد، ڕۆژی پێنجشەممە، ٣١ی خەرمانانی ٢٧٢٢، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە شاری پیرانشار دەستبەسەر کراون. ئەو دوو هاووڵاتیی لە ڕۆژی ١٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢، بە دانانی بارمتەی ٣ ملیار تمەنی و بە شێوەی کاتی تا بەڕێوەچوونی دادگاییگردنەکەیان لە بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت ئازاد کراون.


شایانی باسە کە عەبدولڕەحمان محەممەدی ئەرشەد پێشتریش لەلایەن دادگای تاوانەکان لە پیرانشار بە تۆمەتی "هەوڵی تێکدانی سەقامگیری و ئاسایشی گشتی" سزای ١٨ مانگ بەندکردن و لێدانی ٤٠ قامچی، هەروەها ساڵح قەدۆ بە هەمان تۆمەت سزای ٤ مانگ بەندکردن و لێدانی ٣٠ قامچی بەسەریاندا سەپاوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە