سەپاندنی سزای بەندکردن، پێبژاردنی پارە و لێدانی قامچی بەسەر حەوت هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار

حەوت هاووڵاتیی خەڵکی شاری پیرانشار بە ناوەکانی تەها ڕەسووڵیان، سینا دەشمیر، ئەحمەد عەبدوڵڵاپوور، موحسین قادری، چیا شەهیدئەقدەم و دوو برای خاوەن

٢٧ بانەمەڕ ٢٧٢٣، ١٨:٠٠


هەنگاو؛ چوارشەممە، ٢٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٣

حەوت هاووڵاتیی خەڵکی شاری پیرانشار بە ناوەکانی تەها ڕەسووڵیان، سینا دەشمیر، ئەحمەد عەبدوڵڵاپوور، موحسین قادری، چیا شەهیدئەقدەم و دوو برای خاوەن پێداویستیی تایبەت بە ناوەکانی عەبدوڵڵا و مەحموود قەنبەریوەند لەلایەن دادگای تاوانەکان لەو شارە، سزای ١٥ ساڵ بەندکردن، پێبژاردنی پارە و ١٦٠ لێدانی قامچی بەسەریاندا سەپاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی ڕابردوودا چوار هاووڵاتیی خەڵکی شاری پیرانشار بە ناوەکانی تەها ڕەسووڵیان، سینا دەشمیر، ئەحمەد عەبدوڵڵاپوور و موحسین قادری، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی ٢ی پیرانشار بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەزا قارەمانی ساعەتلو" بە تۆمەتی "هەوڵی تێکدانی ئاسایش و ئارامیی گشتی"، هەرکامیان سزای ٣ مانگ بەندکردن و لێدانی ٤٠ قامچی بەسەریاندا سەپاوە.

بڕیاری ئەم سزایانە بۆ پێبژاردنی بڕی پەنجا ملیۆن ڕیاڵ پارە لە سندووقی حکوومەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران گۆڕانکاری بەسەردا هات و کەم بووەتەوە.


هەروەها بەگوێرەی ئەم بڕیارە، عەبدوڵڵا قەنبەریوەند، بە تۆمەتی "بەشداری لە دروستکردنی ٢٠ دانە کۆکتۆل مۆلۆتۆڤ لە ماڵەوە" سزای ٦ مانگ بەنکردن و پێبژاردنی بڕی دوو ملیۆن ڕیاڵ پارە بە سندووقی حکوومەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و چیا شەهیدئەقدەم بە تۆمەتی "هاتووچۆی نایاسایی لە سنوورەکانی ئێران" سزای پێبژاردنی بڕی پەنجا ملیۆن ڕیاڵ پارە لە سندووقی حکوومەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەسەریاند سەپاوە.


هەر لەم پەیوەندییەدا مەحموود قەنبەریوەند، بە تۆمەتی "دروستکردنی چەکێکی ساچمەیی" سزای ١٥ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکردن، بە تۆمەتی "دروستکردنی چەکێکی دروستکردنی شەڕ" سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکردن، بە تۆمەتی "ڕاگرتنی سێ گوللەی شەڕ" سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکردن و هەروەها بە تۆمەتی "دروستکردنی ٢٠ دانە کۆکتۆل مۆلۆتۆڤ لە ماڵەوە" سزای ١٥ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.


بەپێی یاسای قورسترین سزاکان، سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ و ١ ڕۆژ کە بەسەر مەحموود قەنبەریوەنددا سەپێندراوە، بۆ ٤ ساڵ بەندکردن کەم کراوەتەوە و نیوەی ئەو چوار ساڵەش گۆڕدراوە بۆ هەڵپساردن.
بڕیاری سزای ئەو هاووڵاتییانە لە ڕۆژی ٢٤ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ (١٤ی مەیی ٢٠٢٣) بەفەرمی پێیان ڕاگەیەندراوە.


ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی بەفرانباری ٢٧٢٢، دوو برای خاوەن پێداویستی بە ناوەکانی عەبدوڵڵا قەنبەریوەند، تەمەن ٤٩ ساڵ و مەحموود قەنبەریوەند تەمەن، ٤٦ ساڵ، تەها ڕەسووڵیان، چالاکی مەدەنی و هونەرمەند، هاوکات لەگەڵ موحسین قادری، ئەحمەد عەبدوڵڵاپوور و سینا دەشمیر، تەمەن ١٩ ساڵ، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون و پاشان ئەو حەوت هاووڵاتییە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەیان لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ئازاد کراون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە