سەپاندنی سزای ساڵێک بەندکران بەسەر باپیر بەرزە، دەستبەسەرکراوێکی بەرخۆدانی جەماوەریی پیرانشار

باپیر بەرزە، چالاکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی شاری پیرانشار کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازای"دا دەستبەسەر کراوە، لەلایەن دادگای تا

١ جۆزەردان ٢٧٢٣، ١٥:٥٠


هەنگاو؛ دووشەممە، ۱ی جۆزەردانی ٢٧٢٣

باپیر بەرزە، چالاکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی شاری پیرانشار کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازای"دا دەستبەسەر کراوە، لەلایەن دادگای تاوانەکانی پیرانشار سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری پیرانشار بە ناوی باپیر بەرزە، لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی ٢ی پیرانشار بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەزا قارەمانی‌ساغڵوو"، بە تۆمەتگەلێکی وەک "ئەندامبوون لە گرووپە دژبەر و نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی"، "پڕوپاگەندە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی" و "پێکهێنانی باند و گرووپ بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی"، سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.


شایانی باسە کە ئەو هاووڵاتییە لە دۆسیەیەکی جیاوازی دیکەدا لەلایەن دادگای شۆڕشی مەهابادەوە تۆمەتی "ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران"ی بەسەردا سەپاوە.


باپیر بەرزە، ڕۆژی شەممە، ١ی سەرماوەزی ٢٧٢٢، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری پیرانشار دەستبەسەر کراوە و دواتر لە ڕۆژی پێنجشەممە، ٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢، بە دانانی بارمتەی ١٠ ملیار تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتایی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ئازاد کراوە.


بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو؛ ئەو چالاکە مەدەنییە لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجە کراوە و هەروەها لە مافەکانی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری و بێبەش کراوە.


ناوبراو پێشتریش لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ٢٧١٧دا جارێکی دیکە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراوە و سزای بەندکرانی بەسەردا سەپاوە. دواتر ڕۆژی چوارشەممە، ٧ی ڕەزبەری ٢٧٢٠، پاش تێپەڕاندنی ١٠ مانگ لە سزای ٣٠ مانگ بەندکران کە بەسەریدا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ئازاد کرا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە