سەپاندنی سزای سێ ساڵ بەندکردن بەسەر سەید تاریق حوسێنی، فەقێی خەڵکی جوانڕۆ

سەید تاریق حوسێنی، فەقێی زانستی ئایینی و خەڵکی شاری جوانڕۆ کە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کرابوو؛ لەلایەن دادگای شۆڕشی

١٧ بانەمەڕ ٢٧٢٣، ١٥:١٣


هەنگاو: دووشەممە، ١١ی بانەمەڕی ٢٧٢٣

سەید تاریق حوسێنی، فەقێی زانستی ئایینی و خەڵکی شاری جوانڕۆ کە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کرابوو؛ لەلایەن دادگای شۆڕشی حکوومەت لە کرماشان سزای سێ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاندووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی ڕابردوودا سەید تاریق حوسێنی، چالاکی ئایینی و فەقێی خەڵکی شاری جوانڕۆ، لەلایەن لقی ٤ی دادگای شۆڕشی حکوومەت لە کرماشان بە تۆمەتی چالاکی و پڕوپاگەندە بە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی و هاوکاریی گرووپە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی، سزای ٣ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاندووە.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، پاش ناڕەزایەتیی سەید تاریق حوسێنی لەسەر ئەو بڕیارەی دادگا، بڕیاری سزای ناوبراو و دۆسیەکەی بۆ لقی ١٤ی دادگای پێداچوونەوە لە پارێزگای کرماشان گەڕێندراوەتەوە.

ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە، ٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (٢٩ی جەنیوەری ٢٠٢٣) لە ماڵی خۆی، واتە لە شاری جوانڕۆ، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەت لەو شارە ڕفێندراوە و بۆ ماوەیەک لە دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە حکوومەتییە لە کرماشان لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە هەموو مافە سەرەتایییەکانی وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری و بێبەش کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە