سەپاندنی سزای ١٠٠ مانگ بەندکران و لێدانی١٢٠ قامچی بەسەر سێ لاوی خەڵکی پیرانشار

سێ لاوی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی محەممەد ئازەربەرزین، وەفا ڕەسووڵی ئازەر و عەبدولسەمیع ڕەسووڵی کە لە ڕەوتی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئا

٢٣ بانەمەڕ ٢٧٢٣، ١٢:٤٤


هەنگاو: شەممە ٢٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٣

سێ لاوی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی محەممەد ئازەربەرزین، وەفا ڕەسووڵی ئازەر و عەبدولسەمیع ڕەسووڵی کە لە ڕەوتی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەرکرابوون سزای بەندکران و لێدرانی قامچییان بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١١ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ (١ی مەیی ٢٠٢٣) لە لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی دووی پیرانشار بە سەرۆکایەتی دادوەر "ڕەزا قەهرمانی" دانیشتنی دادگایی محەممەد ئازەربەرزین، وەفا ڕەسووڵی ئازەر و عەبدولسەمیع ڕەسووڵی بەڕێوەچوو.

بەپێی ئەم بڕیارەی دادگا، کە لەم دواییەدا بەفەرمی پێیان ڕاگەیندراوە، محەممەد ئازەربەرزین بە تۆمەتی "هەبوونی یەک ناریەی دەست سازی کۆکتۆل مۆلۆتۆف" سزای ١٥ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکران و پێژماردنی بڕی دوو میلیۆن ڕیال، بە تۆمەتی "سەرپێچیکاری لەبەرانبەر پۆلیسی دەوڵەت" سزای ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکران و بە تۆمەتی "بەشدار لە ئاژاوەگێڕی بۆ تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی" سزای ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکران و ٤٠ جار لێدانی قامچی بەسەردا سەپێندرا.


هەروەها، وەفا ڕەسووڵی ئازەر بە تۆمەتی "بەئەنقەست سووتاندنی پۆستەری ئیدارەی ئیتلاعات" سزای ١١ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکران، بە تۆمەتی "یاخیبوون لە پۆلیسی دەوڵەت" سزای ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکران و بە تۆمەتی "بەشداری لە ئاژاوەگێڕی بۆ تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی" سزای ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکران و ٤٠ جار لێدانی قامچی بەسەردا سەپێندرا.


عەبدولسەمیع ڕەسووڵی، بە تۆمەتی "بەشداری لە تێکدان و بەتاڵانبردنی دوکانی گەنم" سزای ٣ ساڵ و ١٦ ڕۆژ بەندکران و بە تۆمەتی "بەشداری لە ئاژاوەگێڕی بۆ تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی" سزای ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ و ٤٠ جار لێدانی قامچی بەسەردا سەپێندرا.


عەبدولسەمیع ڕەسووڵی لە ڕێکەوتی سێشەممە ١٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢، وەفا ڕەسووڵی ئازەر لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی بەفرانباری ٢٧٢٢ و محەممەد ئازەربەرزین لە ڕێکەوتی ٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکران. ئەم سێ لاوەی خەڵکی پیرانشار دوای نزیک لە پێنج مانگ دەستبەسەرکران بە دانانی بارمتەی قورس بە شێوەیەکی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ئازادکران.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە