سەپاندنی سزای ٣٢ مانگ بەندکردن بەسەر عەلی گوڵمحەممەدی، خەڵکی بۆکان

عەلی گوڵمحەممەدی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان کە پێشتر نزیک بە دوو مانگ لە ناوەندە حکوومەتییەکاندا دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دادگای تاوانەکان لە شاری بۆ

١١ بانەمەڕ ٢٧٢٣، ٢٣:٢٩


هەنگاو: دووشەممە، ١١ی بانەمەڕی ٢٧٢٣

عەلی گوڵمحەممەدی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان کە پێشتر نزیک بە دوو مانگ لە ناوەندە حکوومەتییەکاندا دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دادگای تاوانەکان لە شاری بۆکان سزای ٣٢ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی ڕابردوودا هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوی عەلی گوڵمحەممەدی، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکان لە شاری بۆکان بە تۆمەتی "ئەندامەتی حیزبێکی کوردستانیی دژبەری کۆماری ئیسلامی، بەشداریی ناڕەزایەتییەکان و بڵاوکردنەوەی تراکت و بڵاوکراوە"، بە کۆی گشتی ٣٢ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بڕیاری سزای ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی حەفتەی ڕابردودا و لەلایەن دادگای تاوانەکان لە شاری بۆکان بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی یەکشەممە، ٢۵ی بەفرانباری ٢٧٢٢، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراوە. ناوبراو لە کۆتاییدا ڕۆژی ٢٧ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کاتی بەڕێوەچوونی ڕەوتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کراوە.

شایانی باسە کە عەلی گوڵمحەممەدی، لە ماوەی دەستبەسەرکردنیدا لە مافە سەرەتایییەکانی وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکارەکەی، بێبەری و بێبەش کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە