سەپاندنی سزای ٩٠ مانگ بەندکردن بەسەر ناسر فەقیهـ‌عیسا، ئەندامی کۆمەڵەی مانگی سووری مەهاباد

ناسر فەقیهـ‌عیسا، هاوکار و ئەندامی کۆمەڵەی مانگی سووری (هلال احمر) شاری مەهاباد کە لە ڕەوتی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەر کراوە، لەلایەن

١٧ بانەمەڕ ٢٧٢٣، ١٩:٣٩

 

هەنگاو: یەکشەممە، ١٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٣

ناسر فەقیهـ‌عیسا، هاوکار و ئەندامی کۆمەڵەی مانگی سووری (هلال احمر) شاری مەهاباد کە لە ڕەوتی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەر کراوە، لەلایەن دادگای تاوانەکان لەو شارە سزای ٧ ساڵ و شەش مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی ڕابردوودا ناسر فەقیهـ‌عیسا، هاوکار و ئەندامی کۆمەڵەی مانگی سووری شاری مەهاباد، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ٢ لە مەهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەجاد دێهقانزادە"، سزای ٧ ساڵ و شەش مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە و ئەو سزایە لە بەندیخانەی مەهاباد بەفەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دوو ساڵ لەو سزایە بە تۆمەتی "هەبوون و ڕاگرتنی گوللەیەکی شەڕ"، دوو ساڵ بە تۆمەتی "هەبوونی و ڕاگرتنی گوللەی ساچمەیی"، دوو ساڵ بە تۆمەتی "تیمارکردنی بریندارەکانی ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی شاری مەهاباد" و ١٨ مانگیش بە تۆمەتی "هەوڵی تێکدانی ئاسایش و ئارامیی گشتی" بەسەر ناوبراودا سەپێندراوە.

لە بڕیاری ئەو سزایە لەلایەن دادگای تاوانەکان لە مەهاباد، بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، سزای دوو ساڵ بەندکردنی بۆ ناسر فەقیهـ‌عیسا جێبەجێ دەکرێت.

هەروەها بڕیارە ئەو هاووڵاتییە لە پەیوەندی بە چەند تۆمەتێکی دیکە لە دۆسیەیەکی دیکەدا لە داهاتوودا کات جارێکی دیکە لە لقی ١ی دادگای شۆڕشی مەهابادیش دادگایی بکرێتەوە.

ناوبراو کاتژمێر ٤ی بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٣٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی مەهابادەوە دەستبەسەر کراوە و دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەکانی، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواستراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە