عوسمان مامە ٨ مانگە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە ڕفێندراوە و هێشتا چارەنووسی ناڕوونە

٨ مانگ لە ڕفاندنی هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوی عوسمان مامە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تێپەڕ دەبێت، هێشتا چارەنووسی ناڕو

٧ جۆزەردان ٢٧٢٣، ١٠:٥١


هەنگاو: شەممە، ٦ی جۆزەردانی ٢٧٢٣

٨ مانگ لە ڕفاندنی هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوی عوسمان مامە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تێپەڕ دەبێت، هێشتا چارەنووسی ناڕوونە و لەو ماوەیەدا هیچ پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا نەبووە. ئەمەش نیگەرانیی بنەماڵە و کەسوکارەکەی زیاتر کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ عوسمان مامە، تەمەن ٥٥ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان، ماوەی نزیک بە ٨ مانگە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕفێندراوە و تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەکی لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی مامە، سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵە و کەسوکواری عوسمان لەسەر بارودۆخی ئەم هاوڵاتییە، هێشتا دامودەزگا پەیوەندیدارە حکوومەتییەکان هیچ وەڵامێکیان بەو بنەماڵەیە نەداوەتەوە. لە چەند حەفتەی ڕابردووشدا هەموو ڕۆژێک سەردانی فەرمانگەی ئیتلاعاتی شارەکانی بوکان و ئورمیەیان کردووە، بەڵام هیچ وەڵامێکیان دەست نەکەوتووە.

هەروەها ئەو سەرچاوەیە ڕیاگەیاند؛ عوسمان مامە لە ماوەیەدا کە ڕفێندراوە، تەنانەت یەک جاریش پەیوەندیی تەلەفۆنی بە بنەماڵەیەوە نەکردووە و تا هەنووکە هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخ و تەندروستیی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.

کاتێک بەرپرسانی حکوومەتیی کۆماری ئیسلامی لەسەر چارەنووسی عوسمان مامە ئامادەی وەڵامدانەوەی بنەماڵەکەی نین و هیچ زانیارییەک نادرکێنن؛ کەواتە خەریکن تاوانی "بێسەروشوێنکردنی نایاسایی"ی ناوبراون و ئەمەش بەپێی یاسای نێونەتەوەیی بە تاوان هەژمار دەکرێت.

ئەو هاووڵاتییە شەوی هەینی، ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (١٨ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣) لە کاتی گەڕانەوە بۆ ماڵی خۆیان، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە ڕفێندراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە