فەرەیدوون نەبی بە دانانی بارمتەی قورس لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کرا

فەرەیدوون نەبی، لاوی خەڵکی شاری پیرانشار کە نزیک بە حەوت مانگ پێش بە جێگەی براکەی، فەردین نەبی بە بارمتە گیرابوو، بە دانانی بارمتەی ٣ ملیار تمەنی و بە ش

٢٠ بانەمەڕ ٢٧٢٣، ٠٩:٣٨


هەنگاو: چوارشەممە، ٢٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٣

فەرەیدوون نەبی، لاوی خەڵکی شاری پیرانشار کە نزیک بە حەوت مانگ پێش بە جێگەی براکەی، فەردین نەبی بە بارمتە گیرابوو، بە دانانی بارمتەی ٣ ملیار تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی سێشەممە، ١٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ (٩ی مەیی ٢٠٢٣)، فەرەیدوون نەبی، تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵکی شاری پیرانشار، پاش تێپەڕاندنی ١٩٣ ڕۆژ دەستبەسەرکردن و لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە، بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ئازاد کراوە.

هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا بڵاوی کردەوە کە فەرەیدوون نەبی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی کراوە و گوشاریان بۆ ناوبراو هێناوە بە مەبەستی دانپێدانانی تەلەڤزیۆنی. هەروەها بنەماڵەی ئەو لاوە دەستبەسەرکراوە بە بەردەوامی بانگی ئیتلاعات کراون و لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەیان لێ کراوە و گوشاریان بۆ ئەو بنەماڵەیە هێناوە.


شایانی باسە کە ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەبوون و لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەکانیدا لە مافە سەرەتایییەکانی وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری و بێبەش کراوە.


هێزەکانی ئیتلاعات لە کاتی دەستبەسەرکردنی فەرەیدوون نەبی، بەتەواوەتی دەستیان بەسەر کەلوپەلە تاکەکەسییەکانی ئەندامانی بنەماڵەکەیان وەک مۆبایلی باوک، دایک، خوشکەکانی، هاوژینەکەی و لەگەڵ مۆبایلەکەی خۆی گرتووە.


فەرەیدوون نەبی، ڕۆژی شەممە ٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە بە مەبەستی خۆڕادەستکردنی برا گەورەکەی بە ناوی فەردین نەبی بە بارمتە گیراوە. ناوبراو دوای چەند مانگ ڕاگیران لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمیە، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواسترایەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە