مامۆستا ئارمان سادقی، سزای داماڵینی جلوبەرگی مامۆستایەتی، بەندکران و لێدانی قامچی بەسەردا سەپێندرا

مامۆستا ئارمان (محەممەد) سادقی، پێشنوێژی ڕەخنەگری گوندی حوسێنی سەر بە شاری دێولان، کە لە ڕەوتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا چەند جار بانگکرابوو و هەڕەشەی لێکرابو

١٣ بانەمەڕ ٢٧٢٣، ٠٨:٣٣


هەنگاو: چوارشەممە ١٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٣

مامۆستا ئارمان (محەممەد) سادقی، پێشنوێژی ڕەخنەگری گوندی حوسێنی سەر بە شاری دێولان و بەرپرس و مامۆستای دارولعلومی محەممە رسول الله ی ئەو شارە، کە لە ڕەوتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا چەند جار بانگکرابوو و هەڕەشەی لێکرابوو، لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی سزای داماڵینی جلوبەرگی مامۆستایەتی، لێدانی قامچی و بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا ئارمان سادقی، پێشنوێژی گوندی حوسێنی شاری دێولان، بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی حکوومەت و تێکدانی بیرو ڕای گشتی لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینیی هەمەدان سزای ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکردن، ٧٤ جار لێدانی قامچی و داماڵینی جلوبەرگی مامۆستایەتی بەسەردا سەپێندرا.

هەنگاو زانیویەتی کە ئەو حوکمە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە و بە پێی بڕیاری دادگا، سزاکە دەبێت جێبەجێ بکرێت.

شیاوی ئاماژە پێدانە کە ئەم مامۆستای ئایینییە لە ڕەوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی جووڵانەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا بۆ چەند جارێک ڕەخنەی لە شەپۆلی ڕەشبگیری لاوانی خۆپیشاندەر لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە گرتبوو.

مامۆستا ئارمان سادقی، ڕۆژی هەینی ٢٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، لە کاتی ئەنجامدانی نوێژی بە کۆمەڵ بە بەرزکردنەوەی چەند پۆستەرێک کە لەسەریان نووسرابوو "نا بۆ زیندان" و "زیندان = ئازادی" هاوڕێ لەگەڵ نوێژخوێنانن ناڕەزایەتی خۆیان بەرانبەر بە ڕەشبگیری لاوان دەربڕی.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە