مامۆستا سابیر خودامورادی سزای بەندکردن و لێدرانی قامچی بەسەردا سەپێندرا

مامۆستا سابیر خودامورادی، پێشنوێژی مزگەوتی گەڕەکی قەوەخ لە شاری سەقز، سزای بەندکردن و لێدانی ٧٢ قامچی لەلایەن دادگای تایبەت بە مام

١٢ بانەمەڕ ٢٧٢٣، ٠٩:٠٥


هەنگاو: سێشەممە ١٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٣

مامۆستا سابیر خودامورادی، پێشنوێژی مزگەوتی گەڕەکی قەوەخ لە شاری سەقز، سزای بەندکردن و لێدانی ٧٢ قامچی لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی هەمەدانەوە بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا دادگای تایبەت بە کاروباری مامۆستایانی ئایینیی هەمەدان، سزای ٧ مانگ بەندکردن و ٧٢ جار لێدانی قامچی بەسەر مامۆستا سابیر خودامورادی، پێشنوێژی مزگەوتی قەوەخ لە شاری سەقزدا سەپاند.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سێیەمین دانیشتنی دادگا بۆ بەدواداچوون بە دۆسییەی ئەم مامۆستای ئایینییە لەم دواییانەدا بەڕێوە چووە و سزای سەپێندراو لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینیی هەمەدانەوە ڕۆژی دووشەممە ١١ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ بە شێوەیەکی فەرمی بەناوبراو ڕاگەیەندراوە.


ئەم سەرچاوە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە ئیدارەی ئیتلاعات هەڕەشەی لە مامۆستا سابیر کردووە کە ئەگەر درێژە بە ڕەخنەکانی لە مزگەوتدا بدات، ئەوا سزاکەی دەستبەجێ جێبەجێ دەکرێت.


هەنگاو زانیویەتی کە ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز لە هەوڵدایە کە کتێبخانە و مزگەوتی "مەحوی" ئەم شارە کە لەم دواییانەدا لەلایەن ئەهلی سوننەتەوە دروستکراوە وێران و تێکیبدات. هەر بۆ ئەم مەبەستە ئەم ناوەندە حکوومەتییە گوشارەکانی لەسەر سابیر خودامورادی کە، هەوڵی ڕێگریکردن لە تێکدانی ئەم مزگەوتە دەدات، زیاد کردووە.


شیاوی ئاماژە پێدانە کە، سابیر خودامورادی، ڕۆژی یەکشەممە ٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣، بۆ دووەمین جار و هاوکات لەگەڵ ڕەوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شاری سەقز بۆ دادگای تایبەت بە کاروباری مامۆستایانی ئایینیی هەمەدان بانگکرابوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە