موختار بەهمەنی، وەرزشوانی خەڵکی سنە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا

موختار بەهمەنی، وەرزشوان و ڕاهێنەری وەرزشی لەشجوانی و خەڵکی شاری سنە کە لە ڕەوتی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا لەو شارە دەستبەسەر کرابوو، جارێکی

٢٣ بانەمەڕ ٢٧٢٣، ١٥:٤١


هەنگاو: شەممە، ٢٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٣
موختار بەهمەنی، وەرزشوان و ڕاهێنەری وەرزشی لەشجوانی و خەڵکی شاری سنە کە لە ڕەوتی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا لەو شارە دەستبەسەر کرابوو، جارێکی دیکە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی شەممە، ٢٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ (١٣ی مەیی ٢٠٢٣)، موختار بەهمەنی، وەرزشوان و ڕاهێنەری وەرزشی لەشجوانی، لە پێش مۆڵی (پاساژ) بانتا ئاویەری شاری سنە و لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو وەرزشوانە بەهۆی ئەوەی بەرگری لە دوو کچ کردووە کە لەلایەن دوو کەس لە هێزە حکوومەتییەکان دەستبەسەر دەکران، لەگەڵ ئەو هێزانەدا تووشی تێکهەڵچوون بووە و بە شێوەیەکی دڕندانە ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.

ئەو هاووڵاتییە پێشتریش لە ڕەوتی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی ڕەزبەری ٢٧٢٣، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و پاش ماوەیەکی بەندکران، بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە