مەسعوود دارسەنج خەڵکی بۆکان سزای ٣٣ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

مەسعوود دارسەنج، خەڵکی بۆکان، کە زستانی ساڵی ڕابردوو بۆ ماوەیەک دەستبەسەر لێپرسینەوەی لێکرابوو، لەلایەن دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەو

١١ بانەمەڕ ٢٧٢٣، ١٠:٤٢


هەنگاو: دووشەممە ١١ی بانەمەڕی ٢٧٢٣


مەسعوود دارسەنج، خەڵکی بۆکان، کە زستانی ساڵی ڕابردوو بۆ ماوەیەک دەستبەسەر لێپرسینەوەی لێکرابوو، لەلایەن دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای٣٣ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا مەسعوود دارسەنج، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی بۆکان بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپزسیۆنی حکوومەتی ئێران، بەشداری لە خۆپیشاندان و ناردنی وێنە و فیلم بۆ میدیا دژبەرەکانی حکوومەتی ئێران، نووسینی دروشم و بڵاوکردنەوەی پۆستەر» سزای ٣٣ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی فەرمی بڕیاری ئەم سزایە لەلایەن دادگای تاوانەکانی بۆکانەوە، بە مەسعوود دارسەنج ڕاگەیەندراوە.


مەسعوود دارسەنج، ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی بەفرانباری ٢٧٢٣، لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە لە شاری بۆکان دەستبەسەرکرا. هەنگاو پێشتر بڵاویکردبووەوە کە هێزەکانی حکوومەت دەستیان بەسەر مۆبایل و لاپتۆپی ناوبراودا گرتووە.


ئەم هاووڵاتییە دوای یەک مانگ دەستبەسەرکران، لە ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو بە دانانی بارمتە ٣٥٠ ملیۆن تمەنی شێوەیەکی کاتی ئازادکرا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە