ناڕوونیی چارەنووسی ژینا مودەڕس‌گورجی

ژینا مودەڕس‌گورجی، ڕۆژنامەنووس، چالاکی ناسراوی مافەکانی ژنان و خەڵکی شاری سنە، ماوەی سێ حەفتەیە لە دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلا

١٣ بانەمەڕ ٢٧٢٣، ١٧:٤٥


هەنگاو: چوارشەممە، ١٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٣

ژینا مودەڕس‌گورجی، ڕۆژنامەنووس، چالاکی ناسراوی مافەکانی ژنان و خەڵکی شاری سنە، ماوەی سێ حەفتەیە لە دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەت لە سنە چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ژینا مودەڕس‌گورجی، ڕۆژنامەنووس و چالاکی ناسراوی مافەکانی ژنان، لە ماوەی سێ حەفتەی ڕابردوودا لە ژووری تاکەکەسیی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەت لە سنە، بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر گوشاری ئەو ناوەندە حکوومەتییەدا بووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، نابراو لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا جیا لە مافە سەرەتایییەکانی وەک چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، تەنانەت لە مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەشیو مافی هەبوونی پارێزەر بێبەری و بێبەش کراوە.


ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە، ٢١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەت لە ڕێگەی گەڕانەوە لە کتێبفرۆشیی شوێنی کارەکەی بۆ ماڵی خۆیان، ڕفێندراوە.


ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەو ڕۆژنامەنووسە لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٢٧٢٢، جارێکی دیکە بە تۆمەتی "هەوڵی تێکدانی ئەمنییەتی نیشتمانی لە ڕێگەی پێکهێنانی گرووپی نایاسایی و ئەندامەتی لەو گرووپە"، لە دادگای شۆڕشی حکوومەت لە سنە، ڕادەی سزای ئەو تاوانەی پێی ڕاگەیاندراوە و تێگەیەندراوە.


ژینا مودەڕسی‌گورجی، ڕۆژی پێنجشەممە، ٣٠ی خەرمانانی ٢٧٢٣، جارێکی دیکە لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەت لە سنە دەستبەسەر کراوە، پاش ٤٠ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە بەندی ژنانی بەندیخانەی حکوومەت لە سنە، ڕۆژی ٨ی خەزەڵوەری ئەو ساڵە بە دانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی ئازاد کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە