پاش چەند کاتژمێر مەڕەخەسی، سوعدا خەدیرزادە و منداڵە یەک ساڵانەکەی دەستبەسەر کرانەوە

سوعدا خەدیرزادە، بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە، پاش چەند کاتژمێر مەرەخەسی دیسان لەگەڵ منداڵە یەک ساڵانەکەی لەلایەن هێ

٣ جۆزەردان ٢٧٢٣، ٢١:٣٧


هەنگاو: چوارشەممە ٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٣

سوعدا خەدیرزادە، بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە، پاش چەند کاتژمێر مەرەخەسی دیسان لەگەڵ منداڵە یەک ساڵانەکەی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار دەستبەسەر کرانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی، ٢٩ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (١٩ی مەیی ٢٠٢٣)، سوعدا خەدیرزادە، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی شاری پیرانشار و منداڵە تەمەن یەک ساڵانەکەی بە ناوی "ئاڵا"، پاش چەند کاتژمێر مەرەخەسی، دیسان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار دەستبەسەر کرانەوە.

ناوبراو لە کاتێکدا کە شەوی پێشووتر، واتە پێنجشەممە ٢٨ی جۆزەردان، مەرەخەسیی وەرگرتبوو و لە ئورمیەوە ڕۆیشتبوو بۆ ماڵی خزمێکیان لە شاری پیرانشار، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی پیرانشار جارێکی دیکە دەستبەسەر کرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەندیخانەی ئورمیە، سوعدا خەدیرزادە و منداڵەکەی، پاش ٤٨ کاتژمێر دەستبەسەربوون لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار، بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواستراونەتەوە.

داواکارییەکانی پێشووی ئەو بەندکراوە سیاسییە بۆ وەرگرتنی مەرەخەسی، سەرەڕای دانیانی بارمتەی ٣ ملیار تمەنی، دوو جار لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار و دادستانی دادگای شۆڕشی ئەو شارە ڕەت کرابوویەوە.

سوعدا خەدیرزادە لەلایەن دادگای تاوانەکانی ١ی مەهاباد، بە تۆمەتی "هاوکاریکردن لە کوشتنی ئەندامێکی سوپای پاسداران و ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران"، سزای ١٢ ساڵ و ۶ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە. ئەم سزایە لە ڕۆژی شەممە، ١۵ی خەرمانانی ٢٧٢٢، بەفەرمی بە بنەماڵەی ئەم بەندکراوە سیاسییە ڕاگەیەندراوە.

ناوبراو کە لانی کەم جارێک لە بەندیخانەدا لە هەوڵی خۆکوشتن ڕزگاری بووە، ڕۆژی دووشەممە، ٣١ی جۆزەردانی ٢٧٢٢، لە نەخۆشخانەیەکی شاری ئورمیە بە نەشتەرگەریی سزاریەن منداڵی بووە و دوای ڕۆژێک بەبێ تێپەڕاندنی ماوەی دەرمانی و چارەسەریی پێویست، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گەڕێندراوەتەوە.

شایانی باسە کە سوعدا خەدیرزادە، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٢ی ڕەزبەزی ٢٧٢٠، لە شاری پیرانشار لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و ڕۆژی دووشەممە، ١٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٠، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواستراوەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە