ڕفاندنی هێژا ئومێدی، خەڵکی شاری مەلەکشایی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە

هێژا ئومێدی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری "مەلەکشایی سەر بە پارێزگای ئیلام، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕفێندراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

١ جۆزەردان ٢٧٢٣، ٠٩:٥٧


هەنگاو؛ دووشەممە، ١ی جۆزەردانی ٢٧٢٣

هێژا ئومێدی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری "مەلەکشایی سەر بە پارێزگای ئیلام، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕفێندراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. ناوبراو پێشتریش لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا جارێکی دیکە دەستبەسەر کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی یەکشەممە، ٣١ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ (٢١ی مەیی ٢٠٢٣)، هاووڵاتییەک بە ناوی هێژا ئومێدی، خەڵکی شاری مەلەکشاییی سەر بە پارێزگای ئیلام، تەمەن ٣۵ ساڵ و خاوەن بڕوانامەی ماستەری زانستە سیاسییەکان، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو شارە ڕفێندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هێزانە بە دوو ئۆتۆمبێلی ناوەندە حکوومەتییەکان لە جۆری سەمەند بە ڕەنگی سپی، بە شێوەیەکی دڕندانە و بێڕیزی و لێدان ئەو هاووڵاتییەیان ڕفاندووە.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری ڕفاندنی هێژا ئومێدی، چالاکی ناسراوی شاری مەلەکشایی و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی و هەروەها شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە