ڕێگری لە پێڕاگەیشتنی پزیشکی، بوو بەهۆی گیانلەداستدانی بەندکراوێکی خەڵکی بۆکان لە بەندیخانەی ئورمیە

بەندکراوێکی کوردی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوی ناسر حەسەنپوور، لە کاتێکدا ماوەیەکی زۆر بوو نەخۆشیی دڵی هەبوو، بە هۆکاری ڕێگریی پێڕاگەیشتنی دەرمانی و پزی

١٢ بانەمەڕ ٢٧٢٣، ١٢:١٩


هەنگاو: سێشەممە، ١٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٣

بەندکراوێکی کوردی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوی ناسر حەسەنپوور، لە کاتێکدا ماوەیەکی زۆر بوو نەخۆشیی دڵی هەبوو، بە هۆکاری ڕێگریی پێڕاگەیشتنی دەرمانی و پزیشکی لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە ئورمیە، گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی دووشەممە، ١١ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ (١ی مەیی ٢٠٢٣)، بەندکراوێکی کورد بە ناوی ناسر حەسەنپوور، خەڵکی شاری بۆکان و بەندکراوی بەندیخانەی ئورمیە، بەهۆی پەرەگرتن و گوشاری نەخۆشییەکەی و ڕێگریی دەرمانی و پزیشکی لەلایەن بەرپرسانی ئەو بەندیخانەیە، گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناسر حەسەنپوور، تەمەن ٤٧ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا نەخۆشیی دڵی هەبووە و بەم حاڵەشەوە، بە بڕیاری بەرپرسانی بەندیخانەی حکوومەت لە ئورمیە، ڕێگری لە گواستنەوەی ناوبراو بو نەخۆشخانە و چارەسەریی پێویست کراوە.

ئەو بەندکراوە کوردە کە چەندین جار داوای چارەسەری و سەردانی نەخۆشخانە و مەرەخسی لە بەرپرسانی ئەو بەندیخانەیە کردووە و بەرپرسان ڕێگرییان لێ کردووە، ڕۆژی دووشەممە نەخۆشییەکەی پەرەی گرتووە و گوشاری بۆ هێناوە و پێش ئەوەی کە بگەیەندرێتە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست داوە.

ئەو هاووڵاتییە بە پاساوی تۆمەتی پەیوەندیداری بە تاوانی دارایی و ماڵی، پێنج ساڵە لە بەندیخانەی ئورمیە بەند کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە