ڕەحمان سولەیمانی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی بانە سزای بەندکردنی بەسەردا سەپا

ڕەحمان (عومەر) سولەیمانی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی شاری بانە کە ساڵی ڕابردوودا دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە س

٧ جۆزەردان ٢٧٢٣، ٢١:٣٨


هەنگاو: یەکشەممە، ٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٣

ڕەحمان (عومەر) سولەیمانی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی شاری بانە کە ساڵی ڕابردوودا دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ١٥ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هەنگاو؛ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا چالاکێکی کرێکاریی خەڵکی بانە بە ناوی ڕەحمان سولەیمانی، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ٢ی ئەم شارەوە بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە حیزبە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی" و "پڕوپاگەندە بە دژی کۆماری ئیسلامی" سزای ١٥ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.

دوای ئەوەی کە ئەو چالاکە کرێکارییە لەسەر ئەو سزایە ناڕەزایەتی دەربڕیوە، سزاکەی کەم کراوەتەوە و بۆ ماوەی دوو ساڵ هەڵپسێردراوە.

پێشتریش واتە ڕۆژی چوارشەممە، ٢٠ی بانەمەڕی ئەمساڵ و لە دانیشتنێکی دادگادا چەندین تۆمەت وەک؛ "سووکایەتی و بێڕێزیکردان بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی"، "ئەندامبوون لە حیزبە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی" و "پڕوپاگەندە بە دژی کۆماری ئیسلامی" درایە پاڵی ئەو هاووڵاتییە.

ڕەحمان سولەیمانی، ڕۆژی سێشەممە، ٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ و لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانیی کرێکار، لەگەڵ چوار چالاکی کرێکاری و کۆمەڵایەتیی دیکەی خەڵکی شاری بانە دەستبەسەر کراون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە