ژنێکی فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەەیی ئاوی کامێران بەهۆی گوشاری دەروونیی لەلایەن بەرپرسانەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا

ژنێکی فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و زێرابی کامێران، بە ناوی سورەیا ڕۆستەمی، بەهۆی گوشاری دەروونیی بەڕێوەبەری ئەو بەڕێوەبەرایەتییە

٢٤ بانەمەڕ ٢٧٢٣، ٢١:٤٤


هەنگاو: یەکشەممە، ٢٤ی بانەمەڕی ٢٧٢٣


ژنێکی فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و زێرابی کامێران، بە ناوی سورەیا ڕۆستەمی، بەهۆی گوشاری دەروونیی بەڕێوەبەری ئەو بەڕێوەبەرایەتییە و فەرمانداری شاری کامێران، دۆخی تەندروستی تێک چووە و بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە کە هەنووکەش باری تەندروستیی ناوبراو ناجێگیرە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی شەممە، ٢٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ (١٣ی مەیی ٢٠٢٣)، سورەیا ڕۆستەمی، فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و زێرابی گوندەکانی شاری کامێران، بەهۆی گوشاری دەروونیی بەرپرسانی حکوومەتیی کۆماری ئیسلامی، تووشی جەڵتەی دەمار (حملە عصبی) بووە و بۆ نەخۆشخانەی "سینا"ی کامێران گواستراوەتەوە.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، جەمیل کەرباسی، بەڕێوەبەری ئاو و زێرابی کامێران و سەلاحەدین زارع، جێگر و پلانداڕێژەری فەرمانداریی کامێران، بە شێوەیەکی ئەمنییەتی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ سورەیا ڕۆستەمی کردووە و گوشارێکی چڕوپڕیان بۆ سەر ناوبراو هێناوە و ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی کە باری تەندروستیی ناوبراو تێک بچێت.


شایانی باسە کە ئەو گوشارانە بۆ سەر ئەو ژنە فەرمانبەرە بە هۆکاری "چالاکییە سیاسییەکانی بنەماڵەی ناوبراو" بووە و بە شێوەیەکی بەرنامەداڕێژراو سیستەمی ژمێریاری و بەشی پێدانی مووچەی ئەو فەرمانگەیە، مووچە مانگانەی ئەو ژنەیان بڕیوە. هەروەها هەموو فەرمانبەرەکانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەیان ئاگادار کردووەتەوە کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سورەیا ڕۆستەمی بەتەواوەتی بچڕێنن.


پاش ئەوەی کە ئەو هاووڵاتییە بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە، هێشتا دۆخی تەندروستیی ناوبراو بەتەواوەتی ناجێگیرە.


لەم ماوەیەدا زۆر جار ڕاپۆرتگەلێکی هاوشێوە بە هەنگاو گەیشتووە کە دامودەزگا حکوومەتییەکان بە شێوەی سیستەماتیکی ئەمنییەتی و بە هاوئاهەنگی و دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی بەرپرسانی حکوومەتی، کێشەیان بۆ چالاکانی مەدەنی، بنەماڵەی چالاکانی سیاسی و تەنانەت فەرمانبەران لە شارە و ناوچە جیاوازەکانی کوردستان دروست کردووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە