ژینا مودەڕس‌گورجی بۆ بەندی گشتی بەندیخانەی سنە گواسترایەوە

ڕۆژنامەنووس و چالاکی ناسراوی مافەکانی ژنان، ژینا مودەڕس‌گورجی خەڵکی سنە، دوای تێپەڕاندنی یەک مانگ لە بەندی تاکەکەسی بۆ بەندی گشتی لە

٢١ بانەمەڕ ٢٧٢٣، ١٤:٣٠


هەنگاو: پێنجشەممە ٢١ی بانەمەڕی ٢٧٢٣


ڕۆژنامەنووس و چالاکی ناسراوی مافەکانی ژنان، ژینا مودەڕس‌گورجی خەڵکی سنە، دوای تێپەڕاندنی یەک مانگ لە بەندی تاکەکەسی بۆ بەندی گشتی لە ناوەندی پەروەردە و چاکسازی شاری سنە گواسترایەوە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ (٩ی مەیی ٢٠٢٣) ژینا مودەڕس‌گورجی، ڕۆژنامەنووس و چالاکی بوارەکانی مافی ژنان دوای ڕاگیرانی بۆ ماوەی یەک مانگ لە بەندی تاکەکەسیی ناوەندی پەروەردە و چاکسازی لە شاری سنە بۆ بەندی گشتی ئەم ناوەندە گواسترایەوە.


بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم ڕۆژنامەنووسە، هاوکات لەگەڵ گواسترانەوەی بۆ بەندی گشتی بۆ یەکەمین جار لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا، توانیوتی دیداری لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبێت.


ئەمە لەکاتێکدایە کە ناوبراو، لە ڕەشەممەی ٢٧٢١، لە دادگای شۆڕشی سنەدا تۆمەتی "هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی گشتی لەڕێگەی پێکهێنانی گرووپی نایاسایی و ئەندامیەتی تێدا" بەسەردا سەپێندرا.


ئەم چالاکەی بواری مافەکانی ژنان ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی خەرمانانی ٢٧٢٢، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری سنە دەستبەسەرکرا. ناوبراو دوای ٤٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی لە بەشی ژنانی بەندیخانەی سنە لە ٨ی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو بە دانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەیەکی کاتی و هەتا تەواوبوونی دادگاییکرانی ئازاد بوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە