کوشتنی هۆڤانەی ژنێکی لاوی خەڵکی دێولان کە بە منداڵی بەشوو دراوە

ژنێکی لاو بە ناوی پەرەستوو شەهبازی، تەمەن ١٨ ساڵ و دانیشتووی شاری دێولان کە بە منداڵی و بە زۆرەملێ بەشوو دراوە، لەلایەن هاوژینەکەیە

٩ جۆزەردان ٢٧٢٣، ٢١:٥٠


هەنگاو: سێشەممە، ٩ی جۆزەردانی ٢٧٢٣

ژنێکی لاو بە ناوی پەرەستوو شەهبازی، تەمەن ١٨ ساڵ و دانیشتووی شاری دێولان کە بە منداڵی و بە زۆرەملێ بەشوو دراوە، لەلایەن هاوژینەکەیەوە بە شێوەیەکی دڕندانە کوژرا.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو؛ ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، ٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (٢٩ی ئایاری ٢٠٢٣)، ژنێکی لاو بە ناوی پەرەستوو شەهبازی و تەمەن ١٨ ساڵ، لەلایەن هاوژینەکەیەوە بە ناوی پەیام شەریفی و تەمەن ٢٩ ساڵ، بە شێوەیەکی هۆڤانە کوژراوە.

بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، پەرەستوو شەهبازی کە هاوکات دایکی منداڵێکی تەمەن ١٨ مانگ بووە، سەرەتا لەلایەن هاوژینەکەیەوە بە شێوەیەکی نامرۆڤانە هەڵواسراوە و دواتریش بە شێوەیەکی دڕندانە بە چەقۆ کوژراوە.

ئەو ژنە لاوە ۶ ساڵ لەمەوبەر کە تەمەنی تەنیا ١٢ ساڵ بووە، بە ناچاری ژیانی هاوبەشی لەگەڵ پەیام شەریفی پێک هێناوە کە تووشبووی ماددە هۆشبەرەکانە.

هەروەها بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، وێڕای ئەوەی کە پەرەستوو شەهبازی خۆی بووەتە قوربانی تەڵاق، دوای ئەوەش کە دایکی جارێکی هاوسەرگیری کردووەتەوە، لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا بە زۆرەملێ لەلایەن زڕباوکیەوە ناچار کراوە کە ژیانی هاوبەش لەگەڵ پەیام پێک بهێنێت. شایانی باسە کە دایکی پەرەستوو چەند ساڵێک لەمەوبەر کۆچی دواییی کرد.

هەنگاو وێڕای ئیدانەکردنی ئەو جۆرە تاوانە دڕندانەیە، حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بە هۆکاری سەرەکیی ئەم جۆرە توندوتیژی و تاوانانە دژ بە ژنان دەزانێت.

لەم پەیوەندییەدا فەراز فیرووزی، یاساناس و ڕاوێژکاری یاساییی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو پێی وایە: "کۆماری ئیسلامی لەو شوێنانەی کە پەیوەندی بە چوارچێوەی تایبەت و ئازادییە بنەڕەتییەکانی تاکەکان و بەتایبەت ئازادییە تاکەکەسییەکانی ژنانەوە هەیە دەستێوەردان و پێشێلیان دەکات و ئازادییەکانی ژیانی ژنانیشی قەتیس کردووە، بەڵام لەو شوێنانەی کە تاکەکان و بەتایبەتی ژنان و منداڵان، پێویستیان بە پاڵپشتیی حکوومەت بۆ پاراستنیان هەیە، بایەخیان پێ نادات و دەیسپێرێت بە خودی کەسەکان. بەم هۆیەشەوە دەسەڵاتێکی پاوانکراو لەژێر ناوی شەرەف و نامووس هاتووەتە ئاراوە و بڕیاردەری ئەم دەسەڵاتەش باوک، مێرد یان برای ژنانە، هەر ئەمەش وا دەکات کە تاوانگەلێکی دڕندانەی لەو شێوەی بە دژی ژنان ڕوو بدات.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە