کوژرانی بەندکراوێکی کورد لەژێر ئەشکەنجەی هێزە حکوومەتییەکان لە بەندیخانەی تارانی گەورە

بەندکراوێکی کورد و خەڵکی شاری هەرسین سەر بە پارێزگای کرماشان بە ناوی سامان دەروێشی، لەژێر ئەشکەنجە و بەهۆی لێدانی دڕندانەی هێزە حکوومەتییەکان، لە

٢٠ بانەمەڕ ٢٧٢٣، ١٤:٠٩


هەنگاو: چوارشەممە، ٢٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٣

بەندکراوێکی کورد و خەڵکی شاری هەرسین سەر بە پارێزگای کرماشان بە ناوی سامان دەروێشی، لەژێر ئەشکەنجە و بەهۆی لێدانی دڕندانەی هێزە حکوومەتییەکان، لە بەندیخانەی تارانی گەورە کوژرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ شەوی دووشەممە، ١٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ (٨ی مەیی ٢٠٢٣) بەندکراوێکی کورد بە ناوی سامان دەروێشی، تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی شاری هەرسین سەر بە پارێزگای کرماشان، لە تیپی ٢ی هێزەکانی بەندیخانەی تارانی گەورە (فەشافوویە)، بەهۆی ئەشکەنجە و لێدانی دڕندانەی هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە گیانی لەدەست دا.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، بەهۆی بریندارکردنی ئەندامێکی هێزە حکوومەتییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنی سامان دەروێشی، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن ئەو هێزانەوە بە شێوەی دڕندانە ئەشکەنجە کراوە و بە شێوەی بێڕێزانە لێیان داوە و تەنانەت جارێکیش هەر بەم هۆکارەوە چووەتە کۆما.

شایانی باسە کە ئەو هاووڵاتییە ساڵی ڕابردوو بە تۆمەتی دزیکردن دەستبەسەر کراوە و بۆ بەندیخانەی فەشافوویە گواستراوەتەوە.

ناوبراو پێشتریش هەر بەم تۆمەتە ماوەی ٣ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە و لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج ماوەی بەندکردنەکەی تێپەڕ کردووە.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ تاکوو ئێستا، لانی کەم ١۶ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا گیانیان لەدەست داوە کە ١١ بەندکراویان کورد بوون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە