کەیوان زەندکەریمی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی سنە جارێکی دیکە دەستبەسەر کرایەوە

کەیوان زەندکەریمی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سنە، لە کاتێکدا پێنج ڕۆژە بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە، دیسان لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئی

١٨ بانەمەڕ ٢٧٢٣، ١٠:٤٥


هەنگاو: دووشەممە، ١٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٣

کەیوان زەندکەریمی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سنە، لە کاتێکدا پێنج ڕۆژە بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە، دیسان لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کرایەوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی یەکشەممە، ١٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ (٧ی مەیی ٢٠٢٣)، کەیوان زەندکەریمی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سنە، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە جارێکی دیکە دەستبەسەر کرایەوە.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری ئەوەی کە ئەو چالاکە مەدەنییە جارێکی دیکە دەستبەسەر کراوەتەوە، لە بەردەستدا نییە.


ناوبراو سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ١٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ (٢ی مەیی ٢٠٢٣) پاش چوار مانگ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی سنە ئازاد کراوە.


کەیوان زەندکەریمی، ڕۆژی چوارشەممە، ٧ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (٢٨ی دیسەمبەری ٢٠٢٢) لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە شوێنی کارەکەی لە شاری سنە دەستبەسەر کراوە، دوو مانگ لە دەستبەسەرگەی ناوەندە حکوومەتییەکاندا بووە و دوو مانگی دیکەش لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە بووە.


ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی چوار مانگی دەستبەسەربوونیدا لە مافە سەرەتایییەکانی وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری و بێبەش کراوە.


شایانی باسە ئەو چالاکە مەدەنییە پێشتریش، واتە ڕۆژی دووشەممە، ١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٢، لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ساڵی نوێی کوردی لە پارکێکی شاری سنە و لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە