ئەرشیا نووری قوربانیی تەقینەوەی مین دوو دەست و چاوێکی لەدەستدا

منداڵێک بە ناوی ئەرشیا نووری، تەمەن ٩ ساڵ و خەڵکی شاری سنە کە پێشتر بەهۆی تەقینەوەی مین لە دەوروبەری ئەو شارە بریندار بووە؛ بە

١٥ بانەمەڕ ٢٧٢٣، ١٣:٠١


هەنگاو: هەینی، ١۵ی بانەمەڕی ٢٧٢٣

منداڵێک بە ناوی ئەرشیا نووری، تەمەن ٩ ساڵ و خەڵکی شاری سنە کە پێشتر بەهۆی تەقینەوەی مین لە دەوروبەری ئەو شارە بریندار بووە؛ بەم هۆیەوە دوو دەست و چاوێکی خۆی بۆ هەمیشە لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ئەرشیا نووری، منداڵێکی خەڵکی شاری سنە، پاش ئەوەی کە بەهۆی تەقینەوەی مین بریندار بوو و نزیک بە حەفتەیەک لە نەخۆشخانەی "کەوسەر"ی ئەو شارەدا بووە، بەم هۆیەوە سێ ئەندامی جەستەی کە بریتین لە دوو دەست و چاوێکی لەدەست دا.

ئەو منداڵە هاوکات لەگەڵ منداڵێکی دیکەی هاوڕێی خۆی بە ناوی پێشڕەو سەمەدی و تەمەن ١١ ساڵ، پاش ئەوەی کە بەهۆی تەقینەوەی مین لە دەوروبەری شاری سنە بەسەختی بریندار بوون، بۆ نەخۆشخانەی کەوسەر لەو شارە گواستراونەتەوە. پاش گواستنەوەیان بۆ ئەو نەخۆشخانەیە دۆخی تەندروستیی پێشڕەو سەمەدی جێگیر بوو، بەڵام ئەرشیا نووری بەهۆی دژواریی برینەکەیەوە ڕەوانەی ژووری نەشتەرگەریی نەخۆشخانە کرا.

ئەو دوو منداڵە ڕۆژی پێنجشەممە، ٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٣، لە نزیکی بنکەی سەربازیی هێزە حکوومەتییەکان لە نزیکی گوندی سەراوقامیش کە لە ١۵ کیلۆمەتریی شاری سنە هەڵکەوتووە، بەهۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە