
هەنگاو: شەممە، ٢٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٣
بورهان سەعیدی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی شاری سنە، پاش مانگێک مانەوەی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملوێن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی شەممە، ٢٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (١٧ی ژوئەنی ٢٠٢٣)، بورهان سەعیدی، چالاکی کرێکاریی کورد، تەمەن ٥٩ ساڵ و خەڵکی شاری سنە، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە ئازاد کرا.
هەنگاو پێشتریش وێڕای ئاماژەدان بە نەخۆشیی دڵی ئەو بەندکراوە، بەپێی زانیاریی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ناوبراو ڕایگەیاند: بورهان سەعیدی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات، لە دەستپێڕاگەیشتن بە دەرمانە تایبەتەکانی و چارەسەریی پزیشکی، بێبەری و بێبەش کراوە.
ئەم چالاکە کرێکارییە ڕۆژی پێنجشەممە، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ پاش ئەوەی کە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەوە بانگ کراوە، دەستبەسەر کرا.