دەستبەسەرکرانی سێیەمین هاووڵاتی لە سەقز

هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی سەقز بە ناوی هێمن حوسێنی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەرکرا و بەمەش ژمارەی دەستبەس

٥ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ١٣:٣٩


هەنگاو؛ دووشەممە ٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٣

هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی سەقز بە ناوی هێمن حوسێنی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەرکرا و بەمەش ژمارەی دەستبەسەرکراوانی دوو ڕۆژی ڕابردووی ئەم شارە گەیشتە سێ کەس.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٣) ٢٦ی ژوئەنی ٢٠٢٣ (، هاووڵاتییەکی خەڵکی سەقز بە ناوی هێمن حوسێنی بێ پیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی یاسایی و دادوەری لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە لەماڵەکەی خۆی ڕفێندراوە.

هاوکات، میلاد فازڵپوور تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی گوندی مەلقەڕنی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە ڕفێندراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

ڕۆژی ڕابردووش، سینا حەیدەری تەمەن ١٦ ساڵ لە ماڵی باوک و دایکی لەلایەن ئەو هێزانەوە ڕفێندراوە و چارەنووسی نادیارە.

هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لە سەر هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی کە خراوەتەپاڵ ئەو سێ کەسە و هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان لە بەردەستدا نییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە