مامۆستا لوقمان ئەمینی سزای ١١ ساڵ بەندکردن و دوور خستنەوەی لە زێدی خۆی بەسەردا سەپا

مامۆستا "لوقمان ئەمینی" پێشنوێژی مزگەوتی "چواریاری نەبی"ی شاری سنە، کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دادگای تایبە

٢٤ جۆزەردان ٢٧٢٣، ١٩:٠٠


هەنگاو: چوارشەممە، ٢٤ی جۆزەردانی ٢٧٢٣

مامۆستا "لوقمان ئەمینی" پێشنوێژی مزگەوتی "چواریاری نەبی"ی شاری سنە، کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینییەوە سزای ١١ ساڵ بەندکردن، داماڵینی جلوبەرگی مامۆستایەتی و هەروەها دوورخستنەوە لە زێدی خۆی و قەدەغەکردنی هەتاهەتایی لە وتاردانی بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی چوارشەممە، ١٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (٧ی ژوئەنی ٢٠٢٣)، مامۆستا لوقمان ئەمینی، کەسایەتیی ئایینیی خەڵکی شاری سنە، لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی لە هەمەدان، بە تۆمەتی "هەڵگرتنی چەکی دەمانچە"، سزای ٥ ساڵ بەندکردن، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی و لە ڕاستای حیزبە کوردستانییەکاندا" سزای ١ ساڵ بەندکردن و بە تۆمەتی "هاندانی خەڵک بۆ ئاژاوەگێڕی و پشتیوانی لە خۆپیشاندەران" سزای ٥ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.

بەپێی یاسای کۆی سزاکان، قورسترین سزا واتە سزای ٥ ساڵ بەندکردنی ئەو مامۆستا ئایینییە جێبەجێ دەکرێت.

هەروەها سزای داماڵینی جلوبەرگی ئایینی بۆ هەمیشە، قەدەغەکردنی وتاردان بۆ ماوەی تەمەن و دوو ساڵ دوورخستنەوەی ناوبراو بۆ شاری ئەردەبیل تاکوو تەواوبوونی ماوەی سزاکەی، بەسەردا سەپاوە.

هاوکات مامۆستا "ئیبراهیم کەریمی"ی نەنەڵە، پێشنوێژی مزگەوتی "نەنەڵە"ی شاری سنە، کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینییەوە سزای ١٢ ساڵ بەندکردن، داماڵینی جلوبەرگی مامۆستایەتی و هەروەها دوورخستنەوە لە زێدی خۆی و قەدەغەکردنی هەتاهەتایی لە وتاردانی بەسەردا سەپا.

ئەم دوو کەسایەتییە ئایینییە ڕۆژی دووشەممە، ١٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ لە جادەی نێوان سنە - مەریوان و لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون و ڕۆژی چوارشەممە، ٣ی ڕەشەممە، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتت تاکوو کۆتاییی دادگاییکردنەکەیان ئازاد کراون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە