ئومێد شامحەممەدی، مامۆستای خەڵکی دیواندەرە، بەپێبەندی ئەلیکترۆنییەوە ئازادکرا

بەپێی بڕیاری دادگا ئومێد شامحەممەدی، مامۆستای خەڵکی دیواندەرە، کە لە بەندیخانەی بیجاڕدا بەندکرابوو، ماوەی سزای بەندکرانەکەی لە دەرەوەی بەندیخانە و لە ژێر چاو

٨ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ١٣:٤٥


هەنگاو: پێنجشەممە ٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٣

بەپێی بڕیاری دادگا ئومێد شامحەممەدی، مامۆستای خەڵکی دیواندەرە، کە لە بەندیخانەی بیجاڕدا بەندکرابوو، ماوەی سزای بەندکرانەکەی لە دەرەوەی بەندیخانە و لە ژێر چاودێری سامانەی ئەلیکترۆنی تێبپەڕێنێت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (٢٥ی ژوئەنی ٢٠٢٣) ئومێد شامحەممەدی، ئەندامی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لقی، دیواندەرە، دوای تێپەڕاندنی نیوەی ماوەی یەک ساڵ سزای بەندکرانی سەپێندراو بەسەریدا، لە بەندیخانەی ناوەندی بیجاڕ بەپێبەندی ئەلیکترۆنییەوە، بەمەبەستی تەواوکردنی ماوە سزاکەی لە دەرەوەی بەندیخانە، ئازادکرا.

مامۆستا ئومێد شامحەممەدی، ڕۆژی شەممە ١٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ (٨ی ئاپرێلی ٢٠٢٣) دوای بانگکرانی بۆ دادگای جێبەجێکردنی سزای شاری دیواندەرە بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای یەک ساڵ بەندکردنی سەپێندراو بەسەریدا دەستبەسەرکرا و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی بیجاڕ کرا.

پێشتر لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر حوسێن سەعیدی، سزای پێنج ساڵ بەندکردن بە تۆمەتی "هەوڵدان لە دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی" لە ڕێگای ئەندامبوون لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بەسەر ئومێد شامحەممەدیدا سەپاند، کە ئەم سزایە دواتر لەلایەن دادگای پێداچوونەوە بۆ یەک ساڵ بەندکردن و چوار ساڵ بەندکردنی هەڵسەپێندراو گۆڕدرا.

ئەم چالاکە پیشەییە لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٢، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی دیواندەرەوە دەستبەسەرکرا.

ئومێد شامحەممەدی، دوای تێپەڕاندنی ٧٦ ڕۆژ دەستبەسەرکران لە ڕۆژی سێشەممە ٨ی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو بە دانانی بارمتەی یەک ملیار و نیو تمەنی، بە شێوەیەکی مەرجدار لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ئازادبوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە