پەرهام پەروەری، چالاکی مەدەنیی خەڵکی سەقز سزای پازدە ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپا

پەرهام پەروەری، چالاکی مەدەنی و وەرزشکاری لاوی خەڵکی شاری سەقزی کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" و لە شاری تارا

٣٠ جۆزەردان ٢٧٢٣، ١٦:٥٣


هەنگاو: شەممە، ٣٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٣

پەرهام پەروەری، چالاکی مەدەنی و وەرزشکاری لاوی خەڵکی شاری سەقزی کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" و لە شاری تاران دەستبەسەر کرابوو، لە دادگای شۆڕشی تاران بە کۆی گشتی سزای پازدە ساڵ بەندکردن و دوورخستنەوەی لە زێدی خۆی بەسەرد سەپاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ئەندازیار پەرهام پاروەری، خەڵکی شاری سەقز، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەموزادە"، بە تۆمەتی "موحارەبە"، سزای ١٠ ساڵ بەندکردن و دوورخستنەوەی لە زێدی خۆی بۆ شاری جاسک لە پارێزگای هورموزگان و هەروەها بە تۆمەتی "هەوڵی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی"، سزای ٥ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.

ئەو سزایە ڕۆژی سێشەممە، ٣٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ بەفەرمی بە بنەماڵەی ئەندازیار پەرهام پەروەری ڕاگەیەندراوە. دادگاییکردنی ئەو هاووڵاتییە لە کاتێکدا ڕۆژی یەکشەممە، ٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٣دا بەڕێوە چوو کە دوو جار بەڕێوەچوونی دانیشتنی ئەوە دادگایە دوا خراوە.

هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لەو ماوەی دەستبەسەربوونی ئەو لاوە کوردەدا سەرەڕای کەمخەویی لەڕادەبەردەی ناوبراو لە بەندیخانەی ئێڤین، بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش کێشی نزیکەی ٢٠ کیلۆ دابەزیوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پاش تێپەڕبوونی ٢٣٠ ڕۆژ لە دەستبەسەربوونی پەرهام پەروەری، تەنیا جارێک زۆر بە کورتی لەگەڵ بنەماڵەکەی و پارێزەرەکەیدا چاوپێکەوتنی هەبووە.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، لەلایەن دادسەری ئێڤین تۆمەتی موحارەبەی بەسەردا سەپاوە و هاوکات لەگەڵ ٢٠ بەندکراوی سیاسی دیکەدا بەبێ هیچ ئاگادارییەکی پێشوەختە، لە بەندیخانەی تارانی گەورە بۆ بەندیخانەی ئێڤین گواستراونەتەوە.

ئەو لاوە سەقزییە ڕۆژی دووشەممە، ١١ی ڕەزبەری ٢٧٢٢، لە کاتێکدا لە شوێنی کارەکەی بەرەو ماڵی خۆی دەگەڕایەوە، لەنێو ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی شاری تاران بە شێوەیەکی دڕندانە و لێدان و بێڕێزی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە