ڕفاندنی زیاتر لە ٣٠ ئەندامی بنەماڵەی گیانبەختکراوانی شارەکانی سنە، دیواندەرە و دێولان لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە

زیاتر لە ٣٠ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی گیانبەختکراوانی بەرخۆدانی جەماوەریی شارەکانی سنە، دیواندەرە و دێولان کە سەردانی گڵکۆی گیانبەختکراوانی بەرخۆدانی جەماوەری

٢٠ جۆزەردان ٢٧٢٣، ٠٩:٥٣


هەنگاو: شەممە ٢٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٣
زیاتر لە ٣٠ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی گیانبەختکراوانی بەرخۆدانی جەماوەریی شارەکانی سنە، دیواندەرە و دێولان کە سەردانی گڵکۆی گیانبەختکراوانی بەرخۆدانی جەماوەریی شارەکانی سەقز و بۆکانیان کردبوو، لە کاتی گەڕانەوەیاندا لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە ڕفێندران. تاکوو ئێستا ناسنامەی ژمارەیەکیان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە کە چوار کەسیان منداڵن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ئێوارەی ڕۆژی هەینی، ١٩ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (٩ی ژوئەنی ٢٠٢٣)، دایە شەریفە میرزایی، کۆسار مینبەری، هانا مینبەری، هاشم سەعیدی، عەبدولڕەحمان نەسری لەگەڵ لیمۆی هاوژینی (هێشتا ناوبانگی بۆ هەنگاو ڕوون نییە) و منداڵەکەی بە ناوی ماعیدە نەسری، حەسەن ئەمینی برای محەممەد ئەمینی لەگەڵ دایکی و ئەندامانی تری بنەماڵەکەی، ئەحمەد ڕەحیمی باوکی یەحیا ڕەحیمی، سدێق بەهمەنی باوکی شاهۆ بەهمەنی و بنەماڵەکەی، حەیات دایکی موئمێن زەندکەریمی لەگەڵ بنەماڵەکەی، خوشک و براکانی ئارام حەبیبی، هاشم سەعیدی باوکی سارینا سەعیدی، خوشکەکانی داریوش عەلیزادە، فەرشید عەبدوڵڵاهی باوکی هوومەن عەبدوڵاهی و بنەماڵەکەی و هیرا عەبدوڵڵاهی، کوڕە ٤ ساڵانەکەی فەرشید، ڕادا فاتیحی، خوشکی ڕامین فاتیحی، عەدنان فەتحی، بەیان (ناوبانگی هێشتا بۆ هەنگاو ڕوون نییە)، دڵنیا بەهمەنی، خوشکی شاهۆ و هەروەها خوشکی ئیبراهیم لوتفەڵڵاهی، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕفێندران.

هەر لەم پەیوەندییەدا دوو شۆفێری ترۆمۆبیلە نەفەرهەڵگرەکانی ئەندامانی ئەو بنەماڵە دادخوازانە، بە ناوەکانی جەماڵ و جەمیل (ناوبانگیان هێشتا بۆ هەنگاو ڕوون نییە) لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە ڕفێندراون.

هاوکات چوار منداڵی ئەو بنەماڵانە بە ناوەکانی هیرا عەبدوڵڵاهی تەمەن ٤ ساڵ، یۆنا مورادی، تەمەن ٦ ساڵ، باران مینبەری، تەمەن ١٢ ساڵ و کیا مورادی، تەمەن ١٦ ساڵ ڕفێندراون.

ناسنامەی دەستبەسەرکراوانی دیکە تاکوو ئێستا بۆ هەنگاو ئاشکرا نەکراوە و هەنگاو خەریکی لێکۆڵینەوە و بەدواوواچوونە و لە ئەگەری بەدەستهێنانی هەر زانیارییەکی نوێی پەیوەندیداری ئەم بابەتە، ڕای گشتیی لێ ئاگادار دەکاتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە